کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاپوورکردنی ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم لە کوردستان لە شەشەمین ڕۆژی شەڕدا

10:20 - 15 رەشەمه 2725

لە ٦مین ڕۆژی هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ڕێژیمی تاران، زۆرێک لە ناوەندە سەرکوتگەر و داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆردومان کران و زیانێکی زۆریان بەرکەوت.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ڕەشەمە، لە شاری سنە چەندین مۆڵگەی هێزە داپلۆسێنەرەکانی ڕێژیم لەوانەش؛ بنکەی سپای پاسداران لە گەڕەکی دووشان و بنکەی هێزی سەرکوتگەری پۆلیس لە گەڕەکی سەعدی لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیل و ئەمریکاوە کرایە ئامانج.

هەروەها بنکەی سەرەکیی هێزی بەیتولموقەدەسی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم بە خەستی بۆردومان کرا و لەنێو برا.

هاوکات بینای دنگوڕەنگی ڕێژیم لە سنە بەچڕی هێرشی کرایە سەر و دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیمە کپ کرا.

لە شاری مەریوانیش بارەگای ئیدارەی ئیتلاعات و قەرارگای ڕەمەزانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران و بینای بەناو دادوەریی ڕێژیم بە تەواوەتی خاپوور کران.

لە ئاوایی دزڵی سەر بە شاری مەریوان بنکەیەکی سپای پاسداران کرایە ئامانج.

لە شاری بانەش چەندین مۆڵگەی سەربازی و بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەنێو بران.

 بەناو دادگای ڕێژیم، مۆڵگەکانی ئەرتەش و سپای پاسداران لەو بنکانەی شاری بانەن کە کراونەتە ئامانج.

هاوکات لە شاری سەقز، بنکەکانی ئەرتەش، فەرماندەیی هێزی سەرکوتگەری پۆلیس لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرشیان کرایە سەر و بە تەواوی ڕووخان.

لە پارێزگای کرماشانیش، چەندین ناوەندی گرنگ لەنێو شاری کرماشاندا کرایە ئامانج.

هەمان ڕۆژ، لە شاری قەسری شیرین بنکەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران لەنێو برا.

لە شاری جوانڕۆ بنکەی هێزی سەرکوتگەری پۆلیس، بینای بەناو دادوەریی ڕێژیم  و بنەکەیەکی کەڵانتەری لە ڕێگەی مووشکەوە کرایە ئامانج و تەختی زەوی کرا.

بنکەیەکی سپای پاسداران لە شاری سونقوڕ سەر بە پارێزگای کرماشان بە خەستی کرایە ئامانج و تەفروتوونا کرا.

لە شاری پاوەش کەڵانتەری و بنکەی پۆلیسی فەتای ڕێژیم کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکی.

هاوکات دەنگوڕەنگی ڕێژم لە شاری کرماشان لە ڕەوتی ئەو هێرشانەدا کرایە ئامانج و لەنێو برا.

بنکە و مۆڵگەکانی ڕێژیم لە شاری بێستوون بەچڕی بۆردومان کرا.

لە شاری ڕوانسەریش پادگانی هێمەت سەر بە سپای پاسداران درایە بەر هێرشی ئاسمانی.

هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا  مۆڵگەکانی ڕێژیمی لە پارێزگای ورمێشی گرتەوە و  بنکەی سپای پاسدارانی لە شاری ڕەبەت وێران کرا.

فەرمانداریی بۆکان و بنکەی سەرەکیی سپای پاسداران لەو شارە بەچڕی درانە بەر هێرش و لەنێو بران و لەو هێرشانە ڕێژیم زیانی گیانی زۆری بەرکەتووە.

لە پارێزگای ئیلام، فەرماندەیی بنکەی بەهرام ئاوای سەر بە هێزی پاسەوانیی ڕێژیم لە شاری مێهران بۆردومان کرا و بە تەواوی خاپوور کرا.

لەو پارێزگایەدا، کەڵانتەری شاری ئەیوانی لە هێرشی سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممەدا کرایە ئامانج.