بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دانیشتووانی پێیتەختی ئێران بەرەبەیانی هەینی ١٥ی ڕەشەمە، شایەدی یەکێک لە توندترین بۆردومانەکانی هەفتەی ڕابردوو بوون.
وێنە بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە چەقی هێرشەکان زیاتر لە ناوچە ناوەندییەکانی تاران و دەوروبەری باڵەخانە سەرەکییەکانی حکوومەت بووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین تەقینەوە لە دەوروبەری مەیدانی پاستۆر، مەیدانی حوڕ، دانیشکەدەی ئەفسەری و چەندین شوێنی دیکە ڕوویان داوە.
جگە لە ناوەندی شار، هێرشەکان ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای تارانیشیان گرتووەتەوە و شایەتحاڵان باسیان لە بیستنی دەنگی فڕۆکە شەڕکەرەکان و بینینیان لە ئاسمانی شاردا کردووە. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی لەرزینی ماڵەکان و لە هێندێک شوێنیشدا کارەبا پچڕاوە.
پێشتر سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەمریکایی، لەوانە پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری، ڕایانگەیاندبوو کە خولێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستی پێ کردووە و لە ڕۆژانی داهاتوودا چڕتر دەبنەوە.