دەوڵەتی لوبنان زنجیرەیەک بڕیاری توندی دژی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتەکەیدا دەرکرد.
پۆل مەرقۆس، وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان، ڕایگەیاند کە هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە خاکی لوبناندا دەستگیر دەکرێن و هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازییان لێ قەدەغە دەکرێت؛ هەروەها ئەگەری دیپۆرتکردنەوەیان لە ئارادایە.
هاوکات، کابینەی حکومەت بڕیاری دا کە چیتر هاووڵاتیانی ئێرانی ناتوانن بەبێ ڤیزا بچنە ناو لوبنانەوە. لەم چوارچێوەیەدا، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، ڕەخنەی توندی لەو لایەنانە گرت کە وڵاتیان لە پێناو بەرژەوەندیی بیانییەکان تووشی "سەرکێشیی کارەساتبار" کردووە و وتی: ''قسەی خیانەتکارانە نیشانەی بوێری نییە و خەڵکی لوبنان لەو قسانە ماندوو بوونە.''
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی باشووری لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل زیادی کردووە و باس لەوە دەکرێت حیزبوڵڵا هێزەکانی خۆی لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر کردووەتەوە.