لە شەوی ڕابردوودا، سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ چەندەمین جار بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی پەنابەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە باشووری کوردستان کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی.
شەوی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەمە، سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ جارێکی دیکە کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە بە دڕۆن کردە ئامانج.
هەروەها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، بنکەکانی کۆمەڵە لە سوورداش و زڕگوێزەڵە کردە ئامانج.
هاوکات بۆ یەکەمین جار، بنکەیەکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە گوندی تۆپزاوای هەولێر لە ڕێگەی دڕۆنە هێرشی کرایە سەر.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ١٥ی ڕەشەمە، بۆ جارێکی دیکە بنکەکانی پارتی ئازادیی کوردستانی لە دێگەڵە کرایە ئامانجی هێرشی دڕۆنی.
لە سەرەتای هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی تاران، سپای تێرۆریستی پاسداران لە چەندین جار بنکە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داوەتە بەر هێرشی مووشەکی و دڕۆنی.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەبارەی هێرشەکانی ڕێژیمەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: "هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشانەی زەبوونی و ترسی گەوەرەی کاربەدەستانی ڕێژیم لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێرانە، نەک هەنگاوی خەبات و بەردەوامیمان پێشل ناکا، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ خەبات و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات".