کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە مەریوان کۆچی دوایی کرد

16:25 - 15 رەشەمه 2725

ئەمڕۆ هەینی، ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی، محەممەدخان ئەحمەدی، ناسراو بە "حەمەخان"، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و یەکێک لە ئەندامانی دێرین و بەئەمەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک حەمەخان لە دایکبووی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە گوندی "حەسەن قەرە"ی ناوچەی سەرشیوی مەریوان بوو. ناوبراو لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر پەروەردە ببوو کە چەندین ئەندامی بنەماڵەکەیان لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا خزمەتی نەتەوەی کوردیان کردووە.

لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئاشکراکانی حیزبی دێموکرات، پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبەوە دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش دەچێتە شاری مەهاباد. بەهۆی شارەزایی لە لێخوڕیندا، لە بەشی "هێزەکانی بەرگری" لە شاری مەریوان ئەرکدار دەکرێت و دەبێتە یەکێک لە تێکۆشەرە چالاکەکانی ئەو ناوچەیە.

کاک حەمەخان لە کاروانی خەباتیدا دوو جار بریندار بووە:

١. لە ساڵی ١٣٥٨ لە تێکهەڵچوونێکی نێوان ڕێگای مەریوان-سەقز-بانە.

٢. لە ساڵی ١٣٥٩ لەسەر ڕێگای "کۆڵان-مەریوان" بەهۆی تۆپبارانی هێزەکانی ڕێژیمەوە.

دوای ساڵانێک لە خزمەت، لە ساڵی ١٣٦٢ بەهۆی قورسیی برینەکانی و بە ڕەزامەندیی حیزب دەگەڕێتەوە نێو بنەماڵەکەی، بەڵام هەرگیز پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخستنەکان نەپچڕاند. هەر بەم هۆیەوە لە ساڵی ١٣٦٥ دەستبەسەر دەکرێت و ١١ مانگ لە زیندانی سنەدا دەمێنێتەوە. دوای ئازادبوونیشی دووبارە دەستبەسەر دەکرێتەوە و بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێتەوە.

کاک حەمەخان ئەحمەدی وەک کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێی متمانەی ناوچەکانی سەرشیو، کۆماسی و شامیان ناسرابوو. تەرمی ئەم تێکۆشەرە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو لە خەڵکی نیشتمانپەروەری مەریوان و دەوروبەری، لە خاکی پیرۆزی کوردستاندا بە خاک سپێردرا.