لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی، بەندکراوانی سیاسیی کورد وەک بێدەرەتانترین چینی نێوخۆ، ڕووبەڕووی مەترسییەکی بێدەنگ بوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، لە شاری بۆکان هەنگاوێکی دژە مرۆیی نراوە؛ ئەویش گواستنەوەی بەندکراوانە بۆ شوێنە نادیارەکان و بنکە سەربازییەکان کە ئەگەری بۆردومانکردنیان لەسەرە. ئەم کردەوەیە کە بە ئامانجی پاراستنی کەرەستە سەربازییەکان یان تێوەگلاندنی لایەنی هێرشبەر لە کوشتنی خەڵکی سڤیل ئەنجام دەدرێت، پێشێلکارییەکی زەقی کەرامەتی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی ژنێڤە.
لە بەندیخانەی مەهاباد، دۆخی دەروونی و جەستەیی بەندکراوان لەوپەڕی خراپیدایە. دوای بۆردومانکردنی ناوەندێکی سەربازی لە نزیک بەندیخانەکە و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، هێزە تایبەتەکان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر بەندکراوان. دواتر، ڕێژیم بە مەبەستی چەواشەکاری، مۆڵەتی کاتیی بە ژمارەیەک بەندکراوی ئاسایی داوە، بەڵام هاوکات بەشێک لە بەندکراوە سیاسییەکانی بۆ شوێنی نادیار و بەندیخانەی میاندواو گواستووەتەوە.
لە ئێستادا پەیوەندیی بەندکراوان لەگەڵ جیهانی دەرەوە و پارێزەرەکانیان پچڕاوە، ئەمەش زەمینەی بۆ ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ خۆش کردووە. هەروەها بەهۆی تەرخانکردنی بودجە بۆ کەرتی سەربازی، کەرتی تەندروستیی بەندیخانەکان پشتگوێ خراوە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جیدییە.
ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار بخاتە سەر تاران بۆ ڕێگەدان بە چاودێرانی سەربەخۆ تا سەردانی بەندیخانەکانی مەهاباد، بۆکان، ورمێ، سنە و کرماشان بکەن. بەندکراوی سیاسیی کورد بارمتەی شەڕ نییە و بێدەنگی لە ئاست ئەم دۆخە، هاوکارییە لەگەڵ ستەمکار.