کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: هیچ ڕێککەوتنێک، جگە لە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج لەگەڵ ئێران ناکرێت

19:26 - 15 رەشەمه 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا، ڕۆژی هەینی و لە حەوتەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ڕێژیمی ئێران، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە جگە لە "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج"، هیچ ڕێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ ئێراندا واژۆ ناکرێت.

ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: ''هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران لە ئارادا نابێ، مەگەر خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج! دواتر بە هەڵبژاردنی ڕێبەر یان ڕێبەرانی گەورە و پەسەندکراو، ئێمە لەگەڵ زۆربەی هاوپەیمان و شەریکە تایبەت و زۆر بوێرەکانمان، بێوچان هەوڵ دەدەین بۆ گەڕاندنەوەی ئێران لە لێواری لەنێوچوون و دروستکردنەوەی بە شێوەیەک کە لە ڕووی ئابوورییەوە گەورەتر، باشتر و بەهێزتر لە هەمیشە بێت."

ترامپ جەختی لەوەش کردەوە: ''ئێران داهاتوویەکی گەشاوەی دەبێت."

هەروەها سەرکۆماری ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە دوو چاوپێکەوتنی جیاوازدا لەگەڵ میدیاکان ڕایگەیاند، کە پێویستە خۆی لە هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی ئێران دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕۆڵی هەبێت.