حیزبی بەلووچستان ڕاجی تپاکی، هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ڕۆژانی ڕابردوو و ئەمڕۆدا دژی ناوەند و هێزەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە توندی مەحکووم کرد.
ئەم هێرشە تێرۆریستییانەی کە حیزب و هێزە سیاسییە چالاکەکانی کوردستانیان کردووەتە ئامانج، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما مرۆییەکان و درێژەی سیاسەتی سەرکوت و تێرۆریزمی دەوڵەتییە.
ئامانج گرتنی ناوەند و هێزە سیاسییەکانی حیزبەکانی کوردستان، لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هێزەکانی دیکە، نەک تەنیا کارێکی دوژمنکارانە دژی ڕێکخراوە سیاسییەکانە، بەڵکوو بەشێک لە سیاسەتە بەرفراوانەکانە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی داخوازییە ئازادیخوازانەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان.
ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە پەنابردن بۆ ئامرازە سەربازی، مووشەکی و ئەمنییەکان هەرگیز ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی بێدەنگ بکات. ئەم جۆرە کارانە تەنیا نیشاندەری دەستەوسانیی پێکهاتە سەرکوتگەرەکان لە وەڵامدانەوەی داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەکانە.
حیزبی بەلووچستان ڕاجی تپاکی وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و هاوپێوەندی لەگەڵ حیزب و هێزە سیاسییەکانی کوردستان و گەلی کوردستان، پشتگیریی خۆی بۆ خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسی، مرۆییەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس ڕادەگەیەنێت. ئێمە باوەڕمان وایە کە هاوپێوەندیی نێوان نەتەوە بندەستەکان، یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی ڕاوەستان لەبەرانبەر سیاسەتە سەرکوتگەرانە و توندوتیژەکاندا.
لەم پێناوەدا، داوا لە ناوەندە مافی مرۆییەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتیی جیهانی دەکەین کە بەرانبەر بەم هێرشانە هەڵوێستیان هەبێت و بۆ ڕێگری لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئێران، بەرپرسانە بجوڵێنەوە.
خەباتی نەتەوەکان بۆ ئازادی، دادپەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووس، بە سەرکوت و هێرشی سەربازی ناوەستێت.
بەلووچستان راجی تپاکی
١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤