کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ئانلاینی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ چەند پارلەمانتارێکی حیزبی سۆسیالیستی فەرانسە

21:04 - 15 رەشەمه 2725

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی مارسی ٢٠٢٥، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر داوای حیزبی سۆسیالیستی فەرانسە، بانگێشتی کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئانلاین کرا.

ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن پارلەمانتارانی حیزبی سۆسیالیستی فەرانسە لە هەردوو پارلەمانی فەرانسە و پارلەمانی ئورووپا ڕێک خرابوو.

لەو دانیشتنەدا، نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتیی ڕۆژاوای کوردستان، نوێنەرانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە بەشدار بوون.

لە دەستپێکی بەرنامەکەدا، کانی جەهانگیری، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر دۆخی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی زۆر هێزی بردووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەنێو قوتابخانە و مزگەوتەکاندا خۆیان حەشاری داون.

هەروەها نوێنەری حیزبی دێموکرات لە پاریس، باسی لە هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرد و وێڕای داوای پشتیوانیی سیاسی بۆ ئەو هاوپەیمانییە، باسی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کرد.

دوابەدوای ئەوە، نوێنەرانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

پاشان ئانا پیک، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد و ڕایگەیاند کە داوایان لە پارلەمان و سەرۆککۆماری فەرانسە کردووە دیبەیتێک بۆ حیزبە کوردییەکان ڕێک بخرێت و نوێنەرەکانیان بانگێشتی ناو پەرلەمان بکرێن.

ناوبراو دووپاتیشی کردەوە کە هەوڵ دەدەن دۆخی هەستیاری ئێستای کوردستان و ئێران بۆ سەرۆککۆماری فەرانسە ڕوون بکەنەوە.

هەروەها پارلەمانتاران پیێر پیخبیتش و ئایدە هایدیزادە تیشکیان خستە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. ئەوان نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ زەقکردنەوەی کوڕی شای پێشووی ئێران لە میدیاکانی فەرانسە دەربڕی، پێداگریی کردەوە کە وەک حیزبی سۆسیالیست دەبێت کار بکەن بۆ کەمڕەنگکردنەوەی ئەو دەرکەوتنانە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، شیار عەلی، نوێنەری کوردستانی ڕۆژاوا لە ئورووپا، باسی دۆخی ڕۆژاوای کرد و پاش ئەویش عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسێکی لەسەر دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە پێشکەش کرد.

لە کۆتاییدا، دیلان بۆتیفلات، بەرپرسی گشتیی بەشی نێودەوڵەتیی حیزبی سۆسیالیستی فەرانسە، باسێکی گرنگی لەسەر دۆخی کورد بە گشتی کرد و سپاسی بەشداریی حیزبەکانی لەو کۆبوونەوەیە کرد؛ دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پشتیوانیکردن لە نەتەوەی کورد دەدەن.