کاناڵی ''ئەی بی سی نیوز''ی ئەمریکایی لە حەوتەمین ڕۆژی شەڕی دژ بە کۆماری ئیسلامیدا، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ عومەر باڵەکی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجام دا؛ ئەم وتووێژە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی پڕچەککردنی هێزە کوردییەکان لەلایەن واشینگتۆنەوە بۆ هاندانی ڕاپەڕینی نێوخۆیی، بڵاو بووەتەوە.
عومەر باڵەکی لەم وتووێژەدا، ئامادە نەبوو ئەو دەنگۆیانە بە فەرمی پشتڕاست بکاتەوە یان ڕەتیان بکاتەوە، بەڵام بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: ''ئێمە وەک ئۆپۆزسیۆنی کورد بۆ هەموو ئەگەر و پێشهاتێک ئامادەین.''
باڵەکی ئاماژەی بەوە کرد کە لە دۆخێکی وەهادا ناتوانرێت هەموو وردەکارییەکان و پلانەکان ئاشکرا بکرێن، بەڵکوو ئەنجامی ئامادەکارییەکان لە کاتی گونجاودا و لە مەیدانی کردەییدا دەردەکەون.
ناوبراو لە پەیامێکی ڕاستەوخۆدا بۆ تێپەڕین لەم قەیرانە، جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمریکا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان بەرانبەر بە خەڵکی ئێران لەسەر شانە.
باڵەکی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، سیاسەتەکانی ئەوکاتی ئەمریکا ڕێگەی خۆش کرد بۆ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، بۆیە ئێستا ئەرکی ئەخلاقی و سیاسیی واشینگتۆنە کە هاوکاریی خەڵک بکات بۆ ڕزگاربوون لەم ڕێژیمە.
ئەو کاناڵە لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، ئەم لێدوانانە هاوکات بوو لەگەڵ کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای واشینگتۆن، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە پشتیوانی لە کورد، هەڵوێستێکی پارێزگارانەی نیشان دا و ڕایگەیاند کە ستراتیژی ئەوان تەنیا لەسەر بنەمای پشتگیریکردنی هێزێکی دیاریکراو دانەنراوە، هەرچەندە چاودێری هەموو جووڵەکان دەکەن.
هاوکات، کارۆلین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند کە ترامپ لەگەڵ سەرکردە کوردەکان لە پەیوەندی بدایە، بەڵام ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە بوونی پلانێکی واژۆکراو بۆ چەکدارکردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکەن و ئەو دەنگۆیانەی بە "هەڵە" ناو برد.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە هێزە کوردییەکان وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە هەر گۆڕانکارییەکی داهاتووی ئێراندا هەژمار دەکرێن.