کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن پۆست: ڕووسیە زانیاریی هەواڵگریی و سەربازیی دەداتە ئێران

10:16 - 16 رەشەمه 2725

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ''واشنتن پۆست'' بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە ڕووسیە زانیاریی وردی سیخوڕی دەربارەی شوێنی جێگیربوونی کەشتی، سیستمە ڕادارییەکان و فڕۆکە ئەمریکییەکانی خستووەتە بەردەستی تاران.

 ئەم هاوکارییە کە بە بەرفراوان وەسف کراوە، یارمەتی ئێرانی داوە تا هێرشی زۆر ورد بکاتە سەر ژێرخانە هەستیارەکانی وەک ڕادارەکان و ناوەندەکانی فەرماندەیی.

لە کاتێکدا توانای سپای پاسداران دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دیتنەوەی ئامانجەکان کەم بووەتەوە، شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکانی ئێران نیشانەی ئاستێکی بەرزی وردکاریی سەربازین.

 لە لایەکی تەرەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لە پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ کردووەتەوە، هەرچەندە ئامادە نەبوو وردەکاریی ئەو هاوکارییانە و ڕۆڵی ڕووسیە لە ململانێکاندا ئاشکرا بکات.