دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەشەمە، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی نزیکەی هەفتەیەک دوای هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەر تاران، لە ئێراندا "زۆر باش" کاری کردووە و توانیویەتی بەشێکی گەورەی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە لەناو ببات.
بەپێی ڕاپۆرتی فاکس نیوز، ترامپ لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا وتی: ''ئەرتەشەکەیان لەنێو چووە، هێزی دەریایییان نەماوە، پەیوەندییەکانیان تێک شکاوە و ڕێبەرەکانیان لەنێو چوون. تەواوی هێزی دەریایی ئێران لە بنی زەریادایە.''
سەرکۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرتەشی وڵاتەکەی کارێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجام داوە و ئۆپەراسیۆنە دوایینەکان ئەو هەڕەشەیەیان لەنێو بردووە کە ماوەی نزیکەی پێنج دەیە بوو ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبووەوە.
هەروەها ئاستی هێزە ئەمریکاییەکانی بەراورد کرد بە هەنگاوەکانی ڕابردوو لە ڤێنزوئێلا و ئۆپەراسیۆنی بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی B-2 و ڕایگەیاند کە ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە ئاستی جیهاندا ڕێزی لێ دەگیرێت.
هەروەها ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: ''ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا قبووڵ ناکات جگە لە تەسلیمبوونی بێ مەرج. دوای هەڵبژاردنی ڕێبەرێکی گەورە و جێگەی پەسەند، ئێمە و هاوپەیمانە ئازاکانمان هەوڵ دەدەین ئێران ئاوەدان بکەینەوە و لە ڕووی ئابوورییەوە لە هەمیشە بەهێزتری بکەین.
لە کۆتاییدا وتی: ''ئێران داهاتوویەکی گەورەی دەبێت؛ ئێران دووبارە مەزن بکەنەوە.''