مەسعوود پزیشکییان، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە پەیامێکی شەرمنانەدا و دوای زنجیرەیەک هێرشی مووشەکیی شکستخواردوو بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، ڕایگەیاند کە "قەستی دەستدرێژیمان بۆ سەر دراوسێکان نییە" و داوای لێبوردنی لەو وڵاتانە کرد کە کراونەتە ئامانج.
پزیشکییان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو هێرشانە، پەردەی لەسەر بێسەروبەریی نێو هێزە چەکدارەکان لادا و ئیدیعای کرد کە ئەو هێرشانە بەبێ فەرمانی سەرەوە و بە شێوەی "خۆسەرانە" (ئاتەش بەئیختیار) ئەنجام دراون؛ ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە ناوەندی بڕیاردانی سەربازیی ڕێژیم کۆنترۆڵی بەسەر هێزەکانیدا نەماوە.
هەروەها ناوبراو ئاشکرای کرد کە "ئەنجومەنی کاتیی ڕێبەری" (کە دوای لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی پێکهاتووە) بڕیاری داوە چیتر هێرش و مووشەکبارانی وڵاتانی دراوسێ نەکرێت.
ئەم پاشەکشە دیپلۆماسییەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ڕێژیم لە ژێر گوشارێکی توندی نێودەوڵەتیدایە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم جۆرە لێدوانانەوە، ڕێگری لە تەریککەوتنەوەی زیاتری خۆی بکات.