کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ بە جیددی بیر لە ناردنی هێزی زەوینی بۆ نێو خاکی ئێران دەکاتەوە

13:41 - 16 رەشەمه 2725

لە هەفتەی دووەمی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کاناڵی ''ئێن بی سی'' ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترامپ بە جیددی بژاردەی ناردنی هێزی زەمینی بۆ نێو خاکی ئێران تاوتوێ دەکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، مەبەستی ترامپ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان نییە، بەڵکوو ناردنی تیمە تایبەتە بچووکەکانە بۆ پێکانی "ئامانجی ستراتیژیی دیاریکراو".

هاوکات لەگەڵ ئەم دەنگۆیانە، ڕۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست" ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی لەناکاوی مەشقێکی سەربازیی گەورەی هێزە چەتربازەکانی ئەمریکا لە بنکەی "فۆرت براگ" کردووە؛ ئەم هێزانە توانای ئەوەیان هەیە تەنیا لە ماوەی ١٨ کاتژمێردا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوێزرێنەوە.

هەرچەندە کۆشکی سپی ڕاپۆرتەکەی ''ئین بی سی'' بە "گریمانەی سەرچاوەی نادیار" ناوبرد، بەڵام نە ترامپ و نە وەزیری بەرگرییەکەی (پیت هێگسێت)، ئەگەری ناردنی هێزی زەوینییان ڕەت نەکردووەتەوە.

 وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ترامپ "بە حەکیمانە هەموو بژاردەکان لەبەردەستدا دەهێڵێتەوە". ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی ترامپدا لە کاتێکدایە، کە پێشتر بەڵێنی دابوو ئەمریکا لە "شەڕە بێ کۆتایییەکان" بپارێزێت، بەڵام پێدەچێت بارودۆخی نوێی مەیدانی ئاڕاستەی بڕیارەکانی گۆڕیبێت.