ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا بە زیاتر لە ٨٠ فڕۆکەی شەڕکەر، چەندین ئامانجی ستراتیژیی سپای پاسدارانی لە ئێران تێک شکاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی "تایمز ئیسرائیل"، لە هێرشەکانی شەوی هەینی ١٥ی ڕەشەمەمەدا، ٢٣٠ بۆمب ئاراستەی بنکە سەرەکییەکانی تاران و چەند ناوچەیەکی دیکە کراون.
لەو هێرشانەدا، کارخانەیەکی ژێرزەمینیی بەرهەمهێنان و ئەمبارکردنی مووشەکی بالیستیک و هەروەها زانکۆی سەربازیی ئیمام حوسێنی سپای پاسداران کە وەک شوێنی کۆبوونەوەی هێزە سەربازییەکان بەکاردەهات، کراونەتە ئامانجی سەرەکی.
ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە ئەو زانکۆیە لەم دواییانەدا وەک ناوەندێکی نائاسایی لەلایەن سپای پاسدارانەوە بەکارهێنراوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەوی ڕابردوو قورسترین هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجام دراوە، کە جگە لە تاران، فڕۆکەخانەی مێهرئاباد، بنکەی حەوتەمی شکاریی شیراز و بنکەی چوارەمی شکاریی دێزفول-یشیان کردووەتە ئامانج.