کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوای کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە ناوچەی سەردەشت

17:40 - 16 رەشەمه 2725

ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەشەمە، قادر مستەفایی ناسراو بە ''مام قادری نارستی'' بەهۆی نەخۆشی لە ناوچەی سەردەشت کۆچی دوایی کرد.

مام قادر کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگای ڕێز و متمانەی ناوچەی سەردەشت بوو، ناوبراو لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و حیزبی لەدایکبوو. بنەماڵەی مام قادر هەر لە سەردەمی شۆڕشی ٤٦-٤٧ تێکەڵاوی شۆڕش و حیزبی دێموکرات بوون و خۆشی بە ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٥٧ هاتووەتە ڕیزی بەرگری و بووەتە بەشێک لە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەی.

ماڵ و مەزرای مام قادر هەمیشە پێگە و شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە بووە، هیچ پێشمەرگەیەکی هێزی گیاڕەنگ و زمزیران نییە میوانی دیوەخان و قسە خۆشەکانی مام قادر نەبووبێت.

جێگەی ئاماژەیە کە برایەکی ناوبراو بە ناوی عوسمان مستەفایی لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا شەهید بوو، هەروەها ئامۆزایەکیشی بە ناوی محەممەد مستەفایی فەرماندەی ناسراوی دێموکرات ناسراو بە حەمە نارستی، لەلایەن ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێران تیرۆر و شەهید کراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.