کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا ئەو دراوسێیانەی سنووری وشکانییان دەگەڵ ئێران هەیە، دە شەڕەوە دەگلێن؟

18:28 - 16 رەشەمه 2725

تەهای رەحیمی

ئەمڕۆ لە کاتێکدا حەوتەمین رۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تێپەڕ دەبێ کە شیمانەی بەرفراوانبوونی شەڕەکە نزیک دەنوێنێ. هەتا ئێستا پێکدادانەکان بە شەڕی ئاسمانی و شەڕی دەریایی بەند بووە، بەڵام دەگەڵ هێرشی درۆنی و هاژەکی ئێران سەرەتا بۆ سەر تورکیە و پاشان نەخجەوان، و دژکردەوەی ئەو وڵاتانە بەتایبەتیش ئازەربایجان بە داخستنی باڵوێزخانە و کۆنسولییەکەی لە تاران و تەورێز وێدەچێ پێکدادانی ئێران دەگەڵ وڵاتێکی سەربەخۆ دەست پێ بکا کە سەدان کیلۆمێتر سنووری وشکانی دەگەڵی هەیە. پێکدادان دەگەڵ ئەو وڵاتانەی سنووری وشکانییان هەیە، ئەگەری بەریەککەوتنی زیاتر بەرز دەکاتەوە و شەڕ بەرەو ئاستێکی بەرەیی بەرینتر دەکاتەوە. واتە هەبوونی سەدان کیلۆمێتر سنووری وشکانی ئێران دەگەڵ تورکیە و ئازەربایجان گرژیی و پێکدادانەکان دەبەنە ئاستێک ئیدی لە گرێژنە دەردەچن. بەڵام ئایا خودی تورکیە و بەتایبەتیش ئازەربایجان حەز ناکەن لەو شەڕە وەردەرێن؟

سەرەتا دەبێ بزانین ستراتیژی و قازانجی ئەم دوو وڵاتە یا جۆری روانین لە ئێستا و داهاتووی ئێران بەبێ کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو دوو وڵاتە چییە. ئەگەرچی لە رواڵەتدا ئەم دوو وڵاتە خۆیان بە تورک دەناسێنن و هەتا ئێستاش لە کێشمەکێشە ناوچەییەکان پشتی یەکیان گرتوە و ئەندامی گرووپی وڵاتانی تورکن، بەڵام لەمەڕ ئێران روانگە و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە.

تورکیە هەروەک چۆن کاتی خۆی ئیزنی بەکارهێنانی بنکەی ئینجێرلیکی بۆ هێڕشکردنە سەر سەددام نەدا، ئەمجاریش دەگەڵ هێرش بۆ سەر ئێران نەبوو. لەڕاستیدا تێکچوونی باڵانس و هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا زۆر بە قازانجی تورکیە نییە. ئەگەر بەر لە داوەشانی ئێران، تورکیە و ئێران دوو هێزی دیاری ناوچەکە بوون و نزیکەی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناڤین بەتایبەتیش لە عێراق و سووریە کێبەرکێی هێژمۆنیکیان هەبوو، بەڵام لانیکەم ئەم دوو هاوچاوە دێرینە (جوگرافیایی و ئایینزایی) وێڕای قۆرخی گۆڕەپانەکە باڵانسێکیان لە بەرژەوەندی یەکتر راگرتبوو. بە واتایەکی هەڕەشەی جیددی نەبوون لەسەر یەکتری بەڵکوو ململانێی هێژمۆنیی یەکتریان دەکرد. بە لە مەیدان دەرچوونی ئێران هێزی ناوچەیی دیکەی وەک ئیسرائیل و عەرەبستان هاتنە کێبەرکێی تورکیە کە ئیدی وەک لە رووداوەکانی پاش رووخانی ئەسەد لە سووریە بینیمان شتێک نەما بە ناوی راگرتنی باڵانس و تولێرانسی قبوولی هێژمۆنی تورکیە لەو وڵاتە و ئیسرائیل نزیکەی هەموو ویستەکانی خۆی سەپاند. لەم لایەشەوە عەرەبستان جیددیتر لە جاران بەرپەچی دەستڕۆییشتوویی تورکیەی لە ناوچەکە دایەوە کە لە ئەگەری گۆڕانە خێراکاندا بەریەککەوتنی زیاتر لە نێوانیاندا شیمانە دەکرێ. بابەتێکی گرنگی دیکەی بەرسەرنجی تورکیە لە گۆڕانکارییەکانی ئێراندا، پرس و سەروەری کوردە. لەڕاستیدا تورکیە لە هەر جوگرافیایەکدا کە بزانێ پاشهاتەکانی قازانجیان بۆ کورد هەیە نەک دەگەڵی نییە بەڵکوو دژێتی. کەوایە سەبارەت بە ئەو شەڕەی ئێستا لە ئێرانیش هەیە، هەمەن هەڵوێستی هەبوو. چونکی جگە لە مەترسیی کورد، واتە دروستبوونی هەرێمێکی کورد لە بەشێکی دیکە لەسەر سنوورەکانی کە لانیکەم لە باری حەشیمەت و پانتاییەوە نزیکەی دوو هێندەی دوو هەرێمە کوردییەکەی دیکەیە، مەترسیی شۆڕبوونەوەی سێڵاوی کۆچبەرانیشی هەبوو بۆ ئەو وڵاتە، کە بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێ. هەر بۆیە بەر لە دەستپێکردنی شەڕ، پلانی ناوچەی پەرژین (حائل)ی هینایە ئارا تا بە بەردێک دوو کێلان بشکێنێ. واتە هەم لە بواری ژیئۆپۆلیتیکەوە هەرێمی شیمانەیی کوردی رۆژهەڵات بخنکێنێ، هەمیش کۆچبەر لە سنوورەکانی ئێراندا کۆنترۆڵ بکا. بۆیە تورکیە نایەوێ هێز و دەستڕۆییشتووی ئێران لەوەی کە هەیە زیاتری دابەزێ. واتە دابەزینی هێژمۆنی ئێران، لە دایکبوونی هێژمۆنی نوێ و بەرزبوونەوەی هێژمۆنی هێزە هاوچاوە ناوچەییەکانی دیکەی تورکیەی لە رۆژهەڵاتی ناڤین بەدواوەیە. ئەمە تەنیا تورکیەش نییە، بەڵکوو هێزە ناوچەییەکانی دیکەش بە جۆرێک لە جۆرەکانی چاویان بە زلهێزی ئیسرائیل لە ناوچەکە هەڵنایە. بۆ وێنە ئەم هاوپەیمانی و لێکتێگەیشتنانەی لەو ماوەیەدا دە نێوان تورکیە و میسردا هاتنە گۆڕێ، یان ئەو هاوپەیمانییەی نێوان عەرەبستان و پاکستان.

لەمەڕ ویستی ئازەربایجان بۆ تێکچوونی ئەم هاوسەنگییە دەبێ بوترێ، کە ئازەربایجان وڵاتێکی قەتیسە و سنووری بە سەر ئاوە ئازادەکانەوە نییە. هەمیش لە بواری هێزی مرۆیی و جوگرافیا و توانایی تەکنۆلۆژییەوە ئەم ئەکتەرە نییە خۆ لە قەرەی ئێران بدا. بەڵام دەگەڵ لاواز بوونی ئێران لە بواری توانایی بەرگری، هێرش و نێوخۆییەوە و خوێندنەوەی ئەم چارەنووسەی بۆ ئەو وڵاتە لەبەرچاو گیراوە، رەنگە بێ مەیل نەبێ لە کۆتاییەکانیدا خۆ تێوەگلێنێ. چونکی ئازەربایجان دراوسێی ئاسایی ئێران نییە. بەڵکوو تێکچوونی هاوکێشەی سیاسی و هێز لە جوگرافیای ئێران راستەوخۆی کاریگەری لە سەر ئەم وڵاتە دەبێ. سەروەریی ئازەری ئێران درێژەی سەروەریی باکۆیە. ئازەرییەکانی ئێران حەشیمەتێکی بەرچاوی ئێران پێکدێنن، جگە لەوەی کۆمەڵگەی ئازەری بەهۆی ئەم بەستراوەییە مێژووییەی بەدەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێرانەوە هەیبوو، لە بواری ئابووری و بەڕیوەبەری و هێزی سەربازی و بازرگانی و هتد ئەگەر یەکەمی سەر ئاستی ئێران نەبن، بەدڵنیاییەوە دوویەمینن. ئەمە بابەتە راستەوخۆ پۆزیسیۆنی ئازەربایجان لە سەر ئاستی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش بەرز دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە بە تێکچوونی سترەکتۆری سیاسی لە ئێران رەنگە تێپەڕینی کریدۆری زەنگەزوور بە پارێزگەی سپۆنیکی ئەرەمەنستاندیشدا گۆڕانی بە سەردابێ. چونکی ئیدی ئازەربایجان نە پێویستی بە ئەرمەنستان لەم بوارەوە دەمێنێ و نە دەشیەوێ قازانجی ئەم کریدۆرە بچێتە دە گیرفانی ئەرمەنستانەوە، بەڵکوو رێڕەوەکە دەگۆڕدێ و بە ئازەربایجانی ئێراندا تێدەپەڕێ. بەگشتی تێکچوونی پێکهاتەی سیاسی ئێران جگە لە یەکبەستنەوەی ئازەربایجانی ئێران بە باکۆوە، نەخجەوانیش بە باکۆوە دەبەستێتەوە کە هەتا ئێستا وەک خاڵێکی لاواز بوو بۆ باکۆ.

لە لایەکی دیکەشەوە روون و ئاشکرایە دەسکەوتی شەڕ زیاتر بەوانە دەبڕدرێ کە لە شەڕەکەدا یان، یا باشتر بڵێم ئەوان دیاری دەکەن کێ و چۆن دەسکەوتەکان دابەشرێن. بۆیە وەدواکەوتنی وڵاتێکی وەک ئازەربایجان بەو هەمووە قازانجەوە لە ئێران رەنگە پاشهاتەکانی دوای شەڕ بۆ ئەم وڵاتە دڵخواز نەکا. کەواتە لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل سامی ئێرانیان بۆ ئازەربایجان و وڵاتانی ناوچەکە تاڕادەیەکی زۆر شکاندوە، ئەم وڵاتە و ئەو وڵاتانەی رووخانی کۆماری ئیسلامی زیاتر بە قازانجی خۆیان دەزانن، هەوڵ دەدەن بێن لە شەڕەکەوە. واتە لێرەدا کورد وتەنی ئەگەر دەیانەوێ ماسی بگرن دەبێ ڕیسک بکەن، ئەگینا وڵاتانی بەشدار لەو شەڕەدا دواتر پشکیان نادەنێ.

دیارە نابێ لەبیر بکەین ململانێی نێوخۆیی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێرانیش دەتوانێ پاڵنەرێکی بەهێز بێ، تا وڵاتانی دراوسێ و خاوەن بەرژەوەندی قووڵ لە ناوچەکە رەکێشی شەڕ و پێکدادان لە ئێران بکا.