بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی زۆرەملێ دەستیان بەسەر سالۆنی وەرزشیی گەڕەکی موسکی ٢ لە شاری مەریواندا گرت و تێیدا جێگیر بوون.
ئەم داگیرکارییە لە کاتێکدایە کە خەڵکی گەڕەکەکە بە توندی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە گۆڕینی ئەم ناوەندە وەرزشییە بۆ پایگای سەربازی دەربڕی، بەڵام هێزەکانی ڕێژیم بەبێ گوێدانە ویستی هاووڵاتییان، شوێنەکەیان داگیر کردووە.
دانیشتووانی گەڕەکەکە بۆ ڕێگری لەم کارە، پەنایان بۆ شوورای شاری مەریوان بردووە و داوایان کردووە وەک لایەنێکی پەیوەندیدار بێتە دەنگ، بەڵام هێزە ئەمنییەکان نەک هەر وەڵامی خەڵکیان نەداوەتەوە، بەڵکوو هیچ بایەخێکیان بە شوورای شار و داواکارییەکانیشیان نەداوە و بڕیاری خۆیان جێبەجێ کردووە.
ئەم پەنابردنی هێزەکانی ڕێژیم بۆ ناوەندە گشتییەکان و گەڕەکە ئاوەدانەکان لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا زۆربەی بنکە و مۆڵگە سەرەکییەکانیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و خاپوور کراون. ئێستا هێزەکانی ڕێژیم لە ترسی هێرشەکان، ڕوویان لە ناوەندە گشتی و مەدەنییەکان کردووە تا وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان بهێنن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر گیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.