کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوەیەک بۆ بۆمبارانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئاوڕێک لە ڕابردوو، دەرسێک بۆ داهاتوو)

20:52 - 16 رەشەمه 2725

مستەفا مەعرووفی

بە دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی، بۆمبارانی بنکە سەرەکییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە درۆن و هاژەک دەستی پێ کردووە. شەڕ بە درۆن و هاژەک بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییەدا ڕووداوێکی ڕۆژانەیە، هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی نزیکەی ١٠ وڵاتی ناوچەیی خستووەتە بەر هێرشی درۆن و هاژەکەکانی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لەو ئامانجانەن، بەڵام ئەوەی هێرش بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەم هێرشە درێژەی ئەو شەڕەیە کە کۆماری ئیسلامی ٤٧ ساڵ لەوە پێش لە دژی کورد دەستی پێ کردووە. شەڕ لە دژی کورد و حیزبە سیاسییەکانی یەکەم شەڕی ئەم ڕێژیمە بوو و ڕەنگە دوایین شەڕیشی بێت. لە نێو ئەو شەڕانەدا کە کۆماری ئیسلامی کردوونی، شەڕ لە دژی کورد درێژترین و بەردەوامترین شەڕ بووە. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و لەسەرووی هەموویانەوە خومەینی، لە سەرکوتی خەڵکی کوردستاندا ئەوەندە بەپەلە بوون کە لەسەر دامەزراندن و جێگیرکردنی بنیات و دامودەزگای حکوومەتی و قانوونییش ڕانەوەستان و هەمووی ٥ حەوتوو لە ڕووخانی ڕێژیمی شا تێپەڕیبوو کە لە نەورۆزی ١٩٧٩ (١٣٥٨)دا شەڕیان لە شاری سنەی کوردستان هەڵگیرساند و پاشان شارەکانی دیکەشی گرتەوە. یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخدا ئەوە خومەینی بوو کە «فەرمانی جیهاد»ی لە دژی کورد ڕاگەیاند و شەڕی «پیرۆز»ی بەسەر کورددا سەپاند کە هەتا ئێستا نزیکەی ٥٠ هەزار کوردی کردووەتە قوربانی.

لە هەر شەڕێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا کە کۆماری ئیسلامی کردوونی، ئەم ڕێژیمە شەڕ لە دژی کوردی بە پاشکۆی یەکێک لەو شەڕانە لەقەڵەم داوە و هەرگیز دانی بەوەدا نەهێناوە کە کێشەیەک لە پێوەندی لەگەڵ کورددا هەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێ و سانسۆرێکی بێ ئەملاوئەولای لەسەر داناوە. شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێراق کاتێک هەڵگیرسا کە ساڵ و نیوێک بوو شەڕ لە کوردستاندا هەبوو. بەو حاڵەش لە ماوەی شەڕ لەگەڵ عێراقدا ئیدیعای دەکرد کە ئەو شەڕە بەشێکە لە شەڕ لەگەڵ عێراق. دوای ڕاوەستانی ئەم شەڕە، کوردستان هەروا وەک مەیدانی شەڕ مایەوە. ئەم ڕێژیمە لە لوبنان خۆی تووشی شەڕ کرد لە دژی ئیسرائیل، هەوڵی دەدا شەڕ لەگەڵ کوردستانیش لەم چوارچێوەیەدا پێناسە بکات. قەیرانی بە بارمتەگرتنی کارمەندانی سەفارەتی ئەمریکا لە تارانی دروست کرد و بنکە و کەشتییەکانی ئەمریکای کردە ئامانجی تیرۆریستانەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و بزووتنەوەی کوردی پێوەند دەدا بەو شەڕە و ئیدیعای دەکرد کێشەی کورد دەستکرد و پلانی ئەوانەیە. سەرەڕای ئەوە کە هیچ کام لە شەڕ و قەیرانانەش دەستیان پێ نەکردبوو کاتێک شەڕ لە کوردستان هەڵایسا، پاش کۆتایی هاتنی هەرکام لەو شەڕانەش، کێشە لەگەڵ کورد و حیزبە سیاسییەکانی تەواو هەر نەبوو. لە کاتێکدا دوای شکستی شەڕ لەگەڵ عێراق و لە کاتێکدا دەستی سەددام حوسێن دوژمنی ژمارە یەکیان بە توندی دەگوشی، لە ڤییەن لەسەر مێزی وتووێژ د. قاسملوو ڕێبەری بزووتنەوەی کوردیان تیرۆر کرد. ئەم ڕووداوە و ڕووداوەکانی دواتریش دەری خست کە ڕێژیم لە تاران لەگەڵ هەر دوژمنێکدا ئەگەری ڕێککەوتن و پاشەکشەی هەیە جگە لە کورد.

کۆماری ئیسلامی یەکەم مێتۆد و تاکتیکەکانی شەڕی لە کوردستان دەست پێ کردوون و پاشان لە دەرەوە بەکاری هێناون؛ یەکەم کردەوە تیرۆریستییەکانی لە کوردستان دەست پێکرد و یەکەم ئامانج و درێژخایەنترین و بەربڵاوترین کردەوە تیرۆریستییەکانی هەر لە دژی کورد بوون. لە شەڕی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامیدا دژی خەباتگێڕانی کورد سەدان کەس لە کوردستان، وڵاتانی دەوروبەری و وڵاتانی دەرەوە گیانیان لەدەست دا کە دوو ڕێبەری کورد لە نێویاندا دەبینرێن؛ دوکتور قاسملوو لە ١٣ی پووشپەڕی ١٣٦٨ (١٩٨٩) و دوکتۆر سادقی شەرفکەندی لە خەرمانانی ١٣٧١ (١٩٩٢)دا. تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی وای لێ هات کە بوو بە یەکێک لە گەورەترین کێشەی ئەمنییەتی لە سەرانسەری جیهاندا و ناوبانگی ئەم ڕێژیمەی وەک «گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم» لە دنیادا بڵاو کردەوە. لە دادگای میکۆنۆسدا لە ئەڵمان، خامنەیی و تیمە تیرۆریستەکەی بە ڕەسمی وەک بڕیاردەری تیرۆری د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بەرلین ناسێنران و مەحکووم کران.

لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل لە جۆزەردانی ئەمساڵدا و لەم شەڕەی ئێستای لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی پلە یەکی سوپای پاسداران کوژران، لە کارنامەی زۆربەیاندا بەشداریی چالاکانە و کاریگەر لە شەڕ لە کوردستاندا تۆمار کرابوو. لە نێو ئەو پاسدارانەدا کە لە سایەی بەشداری لە سەرکوتی کوردستاندا پلە و پایەیان پێ بەخشرا، مەحموودی ئەحمەدی نەژاد بوو کە کرا بە سەرۆک کۆمار! کە هەم لە شەڕی مەیدانیدا لە دژی حیزبە سیاسییەکانی کورد بەشدار بوو و هەم لە تیرۆری د. قاسملوو لە ڤییەنی پایتەختی ئۆتریش، بەرپرسی تیمی دووەمی تیرۆر و بەرپرسی لۆجیستیکیی تیمی یەکەم و دووەم بوو.

لە کاتێکدا کە حەشیمەتی کورد کەمێک زیاتر لە ١٠٪ی حەشیمەتی ئێران پێک دەهێنێت، ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران کە پاش چین بە یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن حەشیمەتەوە پلەی دووەمی لە جیهاندا هەیە، ڕێژەی لەسێدارەدانی کوردان بێگومان زۆر لە ١٠٪ زیاترە، بەتایبەتی ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران جیاوازییەکی زۆری هەیە. دەزگای قەزایی ڕێژیم بووەتە ئامرازێک بۆ پاکتاوکردنی حیسابی ڕێبەرانی ڕێژیم لە دژی کورد و هەڵڕستنی ڕق و قین لە دژی چالاکانی سیاسیی کورد.

ئێستا کە پیشەسازیی هاژەکی بالیستیکی ئەم ڕێژیمە کە گرنگترین ئامرازی مانەوەیەتی و هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر ئاسایشی جیهان، بۆ یەکەم جار لە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨)دا بەکار هات. یەکەم درۆنەکانیشی لە دژی بنکە سەرەکییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار هێنا کە پاشان بە ڕێژەیەکی زۆر لە شەڕی ڕووسیە لە دژی ئۆکراین و ئێستاش لە شەڕی ئەم دواییەدا لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا بەکار دێن. لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە چەکە قورسە ستراتیژییانە دەبوو لە شەڕی وڵاتان و لە بەرامبەر هێرشی دەرەکیدا بەکار بهاتنایە بەڵام کۆماری ئیسلامی لە دژی کوردی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتی خۆی بەکاری هێناون.

لە ماوەی ئەم ٤٧ ساڵەدا لە دوای هەر هێرشێک بۆ سەر کورد و حیزبە سیاسییەکانی، دەزگای تەبلیغاتی ڕێژیم بەبەردەوامی ڕایگەیاندووە کە چەند «گرووپی بەستراو» بە ئێرە و ئەوێ زەبریان بەرکەوتووە و «ڕایان کردووە و نەماون»! کەچی لە کاتی ڕاپەڕینی «ژینا»دا بە ڕەسمی و بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەم ڕاپەڕینە لەلایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕێک خراوە. ئەمە گەورەترین شکست و دانپێدانان بوو کە پاش ٤٥ ساڵ حاشا و چەواشەکاری ناچار بوو ڕۆڵ و دەوری ئەم هێزانە قبووڵ بکات و هەر بۆیەش ئەو کاتیش بنکە و دامەزراوەکانیانی بە خەستی دایە بەر هێرشی درۆن و هاژەک. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیک بە ٥ دەیە تەمەنی خۆیدا توانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێران تووشی پاشەکشە و شکست بکات، تەنانەت توانی لە ڕووی نیزامییەوە بەسەر کوردستانیشدا زاڵ بێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانی کوردستان بە چۆک دابێنێت و نفووز پەیدا بکات و کۆتایی بە کێشەی کورد و بیری نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە کوردستان بێنێت و ڕێکخستنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو ببات. بەپێچەوانە، لە ڕووی فەرهەنگییەوە ڕێنسانسێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەری هەڵدا کە خۆی لە ئەنجومەن و ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵە زمانی و ئەدەبییەکانی کورددا دەبینێتەوە کە لە مێژووی ئەم بەشە لە کوردستاندا کەم وێنە بووە، بۆنە و ڕێوڕەسمە سوننەتی و لە مێژینەکانی کورد زیندوو بوونەتەوە، حیزبە سیاسییەکانی کورد نفووز و خۆشەویستییان لە نێو کورددا زیاتر بووە و جوگرافیای ناسیۆنالیزمی کورد ئەگەر لە ڕابردوودا ناوچەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەگرتەوە، ئێستا سەرانسەری کوردستانی گرتووەتەوە و کوردستان بووەتە مەیدانی نواندنی ڕەمز و بۆنە نەتەوەییەکان و سیمبولەکانی خەبات و بەرخۆدانی کورد، بۆیە شەڕی ٤٧ ساڵە لە دژی کورد بۆ کۆماری ئیسلامی تەنیا شکست و ناهومێدیی بەدواوە بووە.

درۆن و هاژەکبارانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە ئەم ڕێژیمە لەژێر قورسترین و ڕووخێنەرترین هێرشی هاژەک و فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە. بۆمبارانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات لەگەڵ درۆن و هاژەکبارانی بنکە و ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەری دەخات کە کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزێکی حاشاهەڵنەگرن و مەترسین بۆ سەر مان و مەوجوودییەتی کۆماری ئیسلامی.

هەتا بەر لە هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ (خەزەڵوەری ١٤٠٢) و شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل لە جۆزەردانی ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامی بەهێزترین و بەتواناترین هێزی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی بەسەر ٤ پایتەختی ناوچەکەدا هەبوو و زلهێزێکی وەک ڕووسیە لە شەڕ لەگەڵ ئۆکراییندا پێویستیی بە چەکوچۆڵی ئەم هەبوو. بەڵام لە نێو خاکی خۆیدا لە کوردستان هەرگیز بە ئامانجەکانی نەگەیشت.

٤٧ ساڵ شەڕ، تیرۆر، تەریکخستنەوە و پشتگوێخرانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمێکی میلیتاریست-ئایدیۆلۆژیکی وەک کۆماری ئیسلامی و ناکامی و شکست لە لەنێوبردنی حیزبە سیاسییەکان و بەچۆکداهێنانی کورد، دەبێ جێی تێرامان و دەرس و ئەزموونێک بێت بۆ هەر کەس و حکوومەتێک لە داهاتووی ئێراندا کە دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت. مێژووی کورد پڕە لە بەربەرەکانی و زۆرجار شکست، بەڵام هیچ کات کەوتنی تێدا نەبووە و کوردستان دوای هەر شکستێک هەستاوەتەوە. لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتییشدا کە ژاندارمی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو لە ساڵەکانی ١٩٦٧-٦٨ (١٣٤٦-٤٧) ئەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە کوردستان هەیبەت و جەبەڕووتی ڕێژیمی شای تێک شکاند. ئاوڕێک لە دۆخی کورد لە تورکیە، سووریە و عێراقیش هەر ئەو دەرس و ئەزموونانەیان تێدایە؛ نزیک بە یەک سەدە حاشاکردن لە کورد لە تورکیە و ناوهێنان و سووکایەتیپێکردنیان لەژێر ناوی «تورکی کێوی» و لە سووریە بێبەشکردنیان لە هەبوونی ناسنامە و لە عێراق کۆمەڵکوژکردنیان لەژێر ناوی «ئەنفال»دا و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژیان، نەک هەر کوردی لەنێو نەبرد و بزووتنەوەکەیانی بەچۆکدا نەهێنا، بەڵکوو ئەمڕۆ مەسەلەی کورد لە هەموویاندا تا ئاستێکی زۆر باش چووەتە پێش.

ئاوڕدانەوەیەک لە ٤٧ ساڵ شەڕ لە کوردستاندا دەری دەخات کە دوای کۆماری ئیسلامی یان بەگشتی پاش ئەم شەڕەی دوایی، حکوومەتی ناوەندی ناتوانێت خاوەنی ئەو هێز و دەستڕۆیشتووییە ئایدیۆلۆژی و میلیتاریستییە بێت کە هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی بوویەتی. کەوابوو، ئەگەر ئەو ڕێژیمە نەی توانی لە ٤٧ ساڵدا بە هەموو قورسایی خۆیەوە لە کوردستاندا بە ئامانجەکانی خۆی بگات، هیچ کەس و لایەنێک و ڕێژیمێک کە بیەوێ ئەو سیاسەت و تاکتیک و مێتۆدانە بەکار بەرێت کە ڕێژیمەکانی شا و کۆماری ئیسلامی لە دژی کورد بەکاریان بردوون، دووبارەکردنەوەی شکستەکانی پێشووە و ئاکامێکی بۆ ئەوانیش نابێت.