لە درێژەی هێرشە چڕ و ئامانجدارەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی کوردستان گرتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێرشێکی مووشەکیی ورد کراوەتە سەر ناوەندەکانی هێزی ئینتزامی و بنکەی "یەگان ویژە" لە شاری سنە. هاوکات لە شاری سەقز، چەندین بنکەی سەربازی و مۆڵگەی هێزەکانی ڕێژیم کراونەتە ئامانج و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. هەروەها لە شاری ئابدانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، قەرارگای سپای پاسداران و چەندین مۆڵگەی تری هێزە داگیرکەرەکان بە تەواوی تێک شکێندراون.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە نەک هەر گورزێکی کوشندەن لە توانای بەرگریی ڕێژیم، بەڵکوو ڕاستەوخۆ ئەو ناوەندانەیان کردووەتە ئامانج کە لە ماوەی ڕابردوودا وەک سەرچاوەی سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان بەکارهێنراون.
تێکشکانی ئەم بنکە سەربازییانە لە ناو جەرگەی شارەکانی کوردستان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ لاوازبوونی دەسەڵاتی سەربازیی ڕێژیم لە ناوچەکەدا.