کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بەبۆنەی پێکهێنانی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

13:01 - 17 رەشەمه 2725

ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی شەش حیزبی کوردستانی ئێران لە سێی ڕەشەمەمەی ١٤٠٤، وەک یەکێک لە گۆڕانکارییە گرینگەکان لە فەزای سیاسیی هێزە دژبەرەکانی ئیستبداد لە ئێراندا ئەژمار دەکرێت. ئەم لێکتێگەیشتن و هاوکارییەی نێوان چەند ڕەوتێکی سیاسی بە پێشینە و ڕوانگەی جیاوازەوە لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سازمانی خەبات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، نیشاندانی هەوڵێک بۆ تێپەرین لە پەرتەوازەیی و جووڵە بەرەو هاوکاریی سیاسی لەپێناو بەرگریکردن لە مافە دێموکراتیکەکانی گەلی کوردستان و هەموو گەلانی ئێرانە.

لە بارودۆخێکدا کە هێزە سیاسییەکانی ئێران ساڵانێکە لەگەڵ پەرتەوازەیی و ناکۆکی بەرەوڕوون، پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی لەم شێوەیە نیشان دەدات کە پێویستیی لێکتێگەیشتن بۆ وەدیهێنانی ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی، زیاتر لە ڕابردوو هەستی پێ دەکرێت. ئەزموونی مێژووییش سەلماندوویەتی کە بێ هاوکاری و یەکیەتیی هێزە پێشکەوتنخواز و دێموکراتەکان، تێپەڕین لە ئیستبداد و جێگیرکردنی سیستمێکی گەلی لە ئێراندا کارێکی دژوار دەبێت.

پرسی نەتەوایەتی لە ئێراندا ڕاستییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە کە بەهۆی سیاسەتە ناوەندگەراکانی دەوڵەتە دیکاتۆرەکان، چ لە سەردەمی پەهلەوی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، نەک هەر چارەسەر نەکراوە، بەڵکوو بە سەرکوت و نکۆڵیکردن لە ناسنامە نەتەوەییەکان ئاڵۆزتر بووە. لەم بارودۆخەدا، خستنەڕووی داواکارییە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکان لەلایەن هێزە سیاسییەکانی کوردستانەوە، بەشێکە لە خەباتی بەرفراوان بۆ ئازادی و یەکسانی لە سەرانسەری ئێراندا.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەدیهێنانی ئەم داواکارییانە تەنیا لە چوارچێوەی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و جێگیرکردنی سیستمێکی دێموکراتیکدا دەبێت؛ سیستمێک کە تێیدا مافی هەموو نەتەوە، زمان، کەلتوور و ئایینەکانی وڵات بە فەرمی بناسرێت و پێکهاتەی دەسەڵات لەسەر بنەمای بەشداریی یەکسان و دێموکراتیک دابڕێژرێت.

هەروەها نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە هەمیشە کەسانێک لە هەردوو لای مەسەلەکە هەوڵ دەدەن بە خستنەڕووی بابەتی بێ بنەما و خۆشکردنی ئاگری دووبەرکی، ڕێگری لەم جۆرە هاوکارییانە بکەن و تۆوی دووبەرەکی لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا بچێنن. ئەم هەوڵە فیتنەگێڕانەیە کە هەندێک جار بە ئاگایی و هەندێک جار لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت ناتوانێت واقیعی مێژوویی پەیوەندیی نێوان نەتەوەکان بگۆڕێت. دۆستایەتی و پێکەوەژیانی خەڵکی ئازەربایجان و کوردستان ڕەگێکی لەمێژینەی لە مێژووی خەباتە ئازادیخوازییەکانی ئێراندا هەیە و ئەم پەیوەندییە مێژووییە بەم جۆرە هاندانانە لەکەدار نابێت.

ئەزموونی مێژوویی هاوکاری و یەکیەتی نێوان فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەەیەکانی ڕابردوودا، نموونەیەکی گرینگی هاوپشتیی هێزە نەتەوەیی و دێموکراتەکانە لە ئێراندا. ئەم هاوکارییە نیشانی دا کە خەباتی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بۆ مافە نەتەوەییەکان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی نەک هەر دژایەتیی یەکتر ناکەن، بەڵکوو لە پەیوەندی و هاوپشتیی یەکتردا مانا پەیدا دەکەن.

فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان هەمیشە جەختی لەسەر ئەم ئەسڵە کردووەتەوە کە داهاتووی ئێران تەنیا لە ڕێگەی یەکیەتی و هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی گەلانی ئێران و لەسەر بنەمای یەکسانیی مافەکان، دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەبێت. یەکیەتی ئارەزوومەندانە و بەئاگایانەی نەتەوەکان لە چوارچێوەی وڵاتێکی هاوبەشدا دەتوانێت زەمینەخۆشکەر بێت بۆ پێکهێنانی سیستمێکی دێموکراتیک و سەقامگیر لە ئێراندا.

لەو ڕوانگەیەوە، هاوپەیمانیی شەش حیزبی کوردستانی ئێران دەکرێت وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لە ئاراستەی بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی هێزە نەتەوەیی و دێموکراتەکان ببینرێت؛ هەنگاوێک کە ئەگەر لەگەڵ هاوکاریی بەرفراوانتر لە نێوان حیزب، ڕێکخراوە سیاسییەکان و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی سەرانسەری وڵاتدا بێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی گشتگیر بۆ ئازادی، دێموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی یەکپارچەیی ئێران.

کۆمیتەی ناوەندیی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان