ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند، کە ڕۆژی شەممە فڕۆکە شەڕکەرەکانی جۆری ''ئێف ١٤''ی ڕێژیمی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی ئیسفەهان پێکاوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "هەروەها ئەو سیستمە شناسایی و بەرگرییە ئاسمانییانەی کە مەترسی بوون بۆ سەر فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی ئێمە، کراونەتە ئامانج." ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە چەندین هەواڵ و وێنەی تەقینەوە و بۆردومان لە شاری ئیسفەهان بڵاو کرابوونەوە.
ڕێژیمی ئێران لە دەیەی ١٩٧٠دا، کاتێک هاوپەیمانی ئەمریکا بوو، ٨٠ فڕۆکەی جۆری ''ئێف-١٤''ی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کڕی، کە ٧٩ دانەیان ڕادەستی ئێران کران. ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە ئەم جۆرە فڕۆکانەی لە هێزی ئاسمانیی خۆی وەلاناوە و بەکاریان ناهێنێت.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندبوو کە لە فڕۆکەخانەی میهرئاوای تاران، ١٦ فڕۆکەی هێزی قودسی تێکشکاندووە کە چەکیان بۆ حزبوڵای لوبنان دەگواستەوە.