ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، بە دەسپێشخەریی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سویس (SP)، ڕێوڕەسمێکی شکۆدار بۆ جەژنی نەورۆز لەژێر ناونیشانی «ئازادی و یەکگرتوویی» لەنێو تەلاری پارلەمانی سویس لە شاری بێرن بەڕێوەچوو.
لەم بۆنەیەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی پارلەمان، نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و چالاکانی سیاسی بەشدار بوون.
ڕێوڕەسمەکە لەلایەن میدیا پیرۆتی، نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس کرایەوە. ناوبراو لە وتارێکدا جەختی لە گرنگیی یەکگرتوویی کورد لە دیاسپۆرا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە تەنیا بە کاری هاوبەش دەتوانرێت داواکارییەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی کاریگەر بگەیەنرێتە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی سویس.
لە لایەکی ترەوە، "فابیان مۆلینا" ئەندامی پارلەمانی سویس لە فراکسیۆنی (SP)، ڕێزی لە خەبات و بەرخودانی گەلی کورد بۆ وەدیهێنانی ئازادی و دێموکراسی گرت و داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی زیاتری دۆزی ڕەوای کورد بکات.
هەروەها سێناتۆر "کارلۆ ساماروگا"، سەرۆکی کۆمیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان، ئاماژەی بە دۆخی هەستیاری هەر چوار پارچەی کوردستان کرد و پشتیوانیی تەواوی حیزبەکەی بۆ مافە سیاسییەکان و دابینکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا دەربڕی.
ئەم کۆبوونەوەیە دەرفەتێکی گرینگ بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕای سیاسی لە نێوان نوێنەرانی کورد و پارلەمانتارانی سویس. نوێنەرانی لایەنە کوردییەکان سپاسی حیزبی سۆسیال دێموکراتیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە لەناو پەرلەماندا، کە وەک نیشانەیەکی بەهێز بۆ هاوکاریی سیاسی و هیوایەک بۆ داهاتوویەکی ئازاد و ئاشتیخواز لە کوردستان ئەژمار دەکرێت.