کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: ڕێژیم بەرەو نەمانی حەتمییە و کورد بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادەیە

17:12 - 17 رەشەمه 2725

مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ''دەنگی ئەمریکا''دا ڕایگەیاند دوای کوژرانی خامنەیی، کۆماری ئیسلامی تووشی شپرزەییەکی سیاسی و ئەمنییەتیی قووڵ بووە و ڕۆیشتنی ئەم ڕێژیمە حەتمیو بێ‌ئەملاوئەولایە. مەولوودی ئاماژەی بەوە کرد جێگرەوەی خامنەیی ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و ڕێژیمەکە لە نێوخۆ و دەرەوەدا شەرعییەتی نەماوە، بۆیە گڵۆڵەی تەمەنی کەوتۆتە لێژی.

سەبارەت بە داهاتووی سیاسی، مەولوودی جەختی کردەوە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن ئاسۆیەکی گەشە و وەک هێزێکی ڕێکخراو ئامادەی گۆڕانکارییەکانە. ناوبراو گوتی: "کوردستان خوازیاری سیستمێکی دێموکراتیک، سێکۆلار و فیدراڵییە لە ئێراندا کە مافی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی تێیدا پارێزراو بێت." ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کورد لەگەڵ ئەو ڕەوتە سیاسییانەی ئێران دیالۆگ دەکات کە باوەڕیان بە فرەیی و مافەکانی گەلی کورد هەبێت.

جێگری سکرتێری حیزبی دێموکرات لەو وتووێژەدا پێی لەسەر ئەوە داگرتۆتەوە کە حیزبە کوردییەکان لە ئاستێکی بەرزی لێکتێگەیشتن‌دان و هاوپەیمانیی نێوانیان هەنگاوێکی گرینگە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان.

مستەفا مەولوودی ئەوەشی بیر خستەوە کە ئەزموونی مێژوویی کورد لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا، وەک سەردەمی کۆماری کوردستان، پێمان دەڵێ هێزە کوردییەکان دەتوانن لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی ناوەندی سەرکەوتووانە ناوچەکانی خۆیان ئیدارە بدەن و ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیی کوردستان بپارێزن.