کۆماری ئیسلامی لە درێژەی پیلانگێڕییەکانیدا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەر دەسەڵاتەکەی، دەستی بە چەکدارکردنی لایەنگرە مەدەنییەکانی لە شارە تێکەڵەکانی پارێزگای ورمێ کردووە.
ئەو هەوڵانەی ڕێژیم لە شارەکانی ماکۆ، ساینقەڵا، چاڵدێران، شوت، پۆلدەشت و بازرگان بەرچاو بووە و لە تازەترین هەوڵی ڕێژیمدا ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی رەشەمە لە مزگەوتی گوندی هۆڵەسووی ساینقەڵا، کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی نزیکەی ١٠٠ کەس لە خەڵکی گوندەکانی هاچەسوو، مەحموود جیخ و کەشەوەر گیراوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرهەنگ مورتەزا بەیامی، فەرماندەی سپای ساینقەڵا قسەی لەسەر دۆخی ئێستای ئێران کردووە و بە ترساندنی خەڵک لە هێرشی حیزبی دێموکرات بۆ سەر خەڵکی مەدەنی داوای لە بەشداربووان کردووە چەک هەڵبگرن و هەر لە هەمان شوێندا، چەکی جۆری کلاشینکۆف و چوار خشاب و فیشەک دراوە بەو کەسانەی ئامادەیییان دەربڕیوە.
چاودێرانی سیاسی ڕایان وایە ئەم جموجۆڵانەی تاران لە ناوچەکانی تێکەڵاوی کورد و تورک تەنیا بە مەبەستی نانەوەی دووبەرەکی دەکرێ و نیشانەی ترسی ڕێژیم لە ڕووخان و هەرەسهێنانە. بەتایبەت کە هێرشە موشەکی و درۆنییە بەردەوامەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بارەگای حیزبەکان و لێدوانە پڕ لە ترسەکانی بەرپرسانی باڵای تاران ئەو ترسە چەندقات دەردەخەن.