فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام)، هۆشدارییەکی ئەمنیی ئاراستەی خەڵکی مەدەنی لە ئێران کرد و ڕایگەیاند، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە مەبەست گیانی خەڵکی بێتاوان دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی ئەو هۆشدارییە، سپای پاسداران ناوچە قەرەباڵغ و نیشتەجێبووەکانی لە شارەکانی وەک دێزفوول، ئەسفەهان و شیراز کردووەتە سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی بالیستکی و دڕۆنەکان.
سێنتکام هۆشداری داوە کە ئەم بڕیارە مەترسیدارە دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچە مەدەنییەکان پێگەی پارێزراوی خۆیان لەدەست بدەن و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ببنە ئامانجی ڕەوای سەربازی.
دەریادار بێرد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام ڕایگەیاند: "ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران بە هێرشکردنە سەر هاوبەشەکانمان لە کەنداو و بەکارهێنانی خەڵک وەک قەڵغانی مرۆیی، نیشانی دەدات کە هیچ بایەخێک بۆ گیانی مرۆڤەکان دانانێت."
هێزەکانی ئەمریکا داوایان لە خەڵکی نیشتەجێی ئێران کردووە بۆ پاراستنی گیانیان لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە سێنتکام دەڵێت توانای مووشەکی و دڕۆنیی ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە بە توندی لاواز بووە و ڕێژەی هاوێشتنی مووشەکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.