کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کورد لە گۆڕانکارییەکانی ئێران فاکتەرێکی سەرەکییە

20:43 - 17 رەشەمه 2725

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی کوردی ''دەنگی ئەمریکا'' تیشکی خستە سەر پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێستای ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە کورد فاکتەرێکی ئینکارنەکراوە لە هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری لە ئێراندا.

 عەزیزی سەبارەت بە لێدوانەکانی ترامپ بۆ پشتگیری لە کورد ڕایگەیاند، کە حیزبی دێموکرات هەمیشە لە مەیدانی خەباتدا بووە و خەڵکی کوردستان ئامادەیی تەواویان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە جیاوازەکان هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا زووە بۆ قەزاوەتکردن لەسەر وردەکاریی بەرنامە نێودەوڵەتییەکان.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بە گرنگیی "هاوپەیمانیی شەش حیزبیی کوردستان" کرد و وتی، ئەم یەکگرتووییە هەم لە نێوخۆ و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە و نیشانەی ئامادەیی لایەنە کوردییەکانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێک لە داهاتوودا.

عەزیزی جەختی لەوە کردەوە کە بەرنامەی ئەم هاوپەیمانییە تەنیا بۆ نێوخۆی ئێران و دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردە و نابێت وڵاتانی دراوسێ لەم یەکڕیزییە نیگەران بن.

سەبارەت بە داهاتووی ئێران، خالید عەزیزی ڕایگەیاند کە ئەوان باوەڕیان بە ئێرانێکی فرەنەتەوە و فرەئایین هەیە کە تێیدا سیستمێکی دێموکراتیکی نامەرکەزی جێگیر بێت.

 ئەو وتی: "کورد دەرفەتە بۆ دروستکردنەوەی داهاتووی ئێران، نەک هەڕەشە." هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی دیالۆگ لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، بەتایبەت تورکە ئازەرییەکان کرد بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

لە کۆتاییدا، وتەبێژی حیزب باسی لە پەیامی لێبوردنی گشتیی حیزب بۆ ئەو کەسانە کرد کە لە نێوخۆدا بە ناچاری یان بەهۆی بژێوی ژیانەوە چەکیان هەڵگرتووە، و ڕایگەیاند کە لە کاتی گۆڕانکارییەکاندا هەموو ئەو کەسانە وەک بەشێک لە نەتەوە دەبینرێن و دەتوانن لە ئاوەدانکردنەوەی داهاتووی کوردستاندا بەشدار بن.