کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی ئەبولقاسم بابائیانی لەنێو بەیتی خامنەیی پشتڕاست کردەوە

22:08 - 17 رەشەمه 2725

لە گورزێکی هەواڵگریی کوشندەدا، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەبولقاسم بابائیان، سەرۆکی نوێی دەفتەری سەربازیی عەلی خامنەیی، لە هێرشێکی ئاسمانی ورددا تیاچوو.

بابائیان تەنیا هەفتەیەک دوای کوژرانی محەممەد شیرازی لە هێرشە گەورەکەی ٩ی ڕەشەمەدا، کرابووە جێگرەوەی و ئەرکی بەڕێوەبردنی قەرارگای خاتەمولئەنبیای پێ سپێردرابوو.

ڕێژێمی تاران کە هێشتا لە شۆکی کوژرانی خامنەیی و سەرکردە پلە باڵاکانیدایە، هەوڵی دابوو ناسنامەی جێگرەوەی شیرازی بە نهێنی بهێڵێتەوە، بەڵام هەواڵگریی ئیسرائیل سەلماندی کە نەک تەنیا ژوورە تاریکەکانی بەیتی ڕێبەری، بەڵکوو وردترین جووڵەی فەرماندە کاتییەکانیشیان لەژێر چاودێریدایە.

بە ئامانجگرتنی بابائیان لەنێو دڵی بەیتی خامنەییدا، تێکشکانی شکۆی هەواڵگریی ڕێژێم بوو.

 کوژرانی دوو سەرۆکی دەفتەری سەربازی لە حەوت ڕۆژدا، نیشانەی ئەوەیە کە تاران ئیدی نە توانای جێگرتنەوەی فەرماندەکانی هەیە و نە پاراستنیان.

بازنەی گەمارۆکە لەسەر ملی تەواوی جەستەی کۆماری ئیسلامی توند بووەتەوە و ئیدی هیچ پەناگەیەک شک نابەن بۆ ڕاکردن لە چارەنووسێکی ڕەش کە هەموو سەرکردەکانی گرتووەتەوە.