هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستنیشانکردنی مەجتبی خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ، سپای پاسداران هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو چڕتر کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەرەبەیانی دووشەممە، دوورگەی "سێترە" لە بەحرەین کەوتە بەر هێرشی درۆنی و بەهۆیەوە ٣٢ هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون، کە چەند منداڵی تێدایە.
لەلایەکی دیکەوە، وڵاتانی قەتەر، عەرەبستان و کوەیت ڕایانگەیاندووە کە چەندین موشەک و دڕۆنی ئێرانییان لە ئاسماندا تێک شاندووە. لە عەرەبستان کێڵگە نەوتییەکانی "شیبە" کراونەتە ئامانج و لە بەحرەینیش دووکەڵ لە دەوروبەری پاڵاوگەی نەوتی "باپکۆ" بینراوە.
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان لە بەیاننامەیەکی تونددا، ئەم کردەوانەی بە جینایەتکارانە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە هۆشداریی دا کە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە تەنیا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و کاریگەرییەکی خراپی لەسەر پێوەندییەکانی ئێستا و داهاتوو دەبێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، "کۆماری ئیسلامی گەورەترین دۆڕاوی ئەم ململانێیە دەبێت."