کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ژنێکی نیشتیمانپەروەر و هاوسەری شەهید لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ

11:51 - 18 رەشەمه 2725

ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی، دایە "زەینەب زوبێری"، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، هاوسەری شەهید و ناسراو بە دایکی پێشمەرگەکان، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا لە گوندی "بێراسپی"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ کۆچی دوایی کرد.

دایە زەینەب، هاوسەری کادری وشیار و تێکۆشەری ناسراوی حیزبی دێموکرات، شەهید "مەلا ئەحمەد دەروێشی" بوو. مامۆستا مەلا ئەحمەد لە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٧٢دا لەلایەن تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری "دیانا"ی باشووری کوردستان شەهید کرا.

 دوای ئەو کارەساتە، دایە زەینەب ئەرکی قورسی بەخێوکردنی منداڵەکانی گرتە ئەستۆ و بۆ ماوەیەک لە وڵاتی سوید وەک پەنابەر ژیا، بەڵام دواتر لەسەر ڕاسپاردەی حیزب بۆ سەرپەرشتیی منداڵەکانی دیکەی گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەی مەرگەوەڕ نیشتەجێ بوو.

دایە زەینەب لە نێو پێشمەرگەکانی "هێزی ئاگری" و "مەڵبەندی شیمال"دا بە دایکی پێشمەرگەکان دەناسرا. ئەو هەموو تەمەنی خۆی بە ئاواتی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و سەرکەوتنی ڕێبازی هاوسەرە شەهیدەکەی بەسەر برد.

بەخۆشییەوە لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا، شایەدی تێکشکانی قەڵاکانی زوڵمی ڕێژیم و کوژرانی سەرانی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی بوو و بە ئومێدی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ باوەشی نیشتمان، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

تەرمی ئەو دایکە تێکۆشەرە لە نێو ئاپۆرای جەماوەری ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.