کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێراندا، لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە دیالۆگداین

13:15 - 18 رەشەمه 2725

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکی نوێدا لەگەڵ ''ڕادیو فەردا'' ڕایگەیاند کە حیزبەکەی لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و شەڕی ئێستا دەکات، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەولەویەتی سەرەکییان لەم کاتەدا کاری سیاسی، کۆدەنگی نیشتمانی و ئامادەکاری بۆ قۆناغی گواستنەوەیە.

عەزیزی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ و هەڵوێستی واشنگتۆن، ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبی دێموکرات هەمیشە بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکانی ئەمریکا و ئورووپا لە پەیوەندیدا بووە. ئەو وتی: "خەباتی ئێمە خەباتێکی مەدەنی و جەماوەرییە و دەمانەوێت لە ڕێگەی دیالۆگی سیاسییەوە مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵدا دەستەبەر بکەین."

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، عەزیزی جەختی لەسەر پێویستیی دروستکردنی ئالتێرناتیڤێکی دیموکراتیک کردەوە کە هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان تێیدا بەشدار بن.

ناوبراو نیگەرانییەکانی سەبارەت بە "پارچەبوونی ئێران" ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە پڕۆژەی حیزبی دێموکرات و هاوپەیمانیی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەسەر بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و نا مەرکەزییەت داڕێژراوە، نەک جیابوونەوە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان لایەنگری ئاشتی و سەقامگیرین و نایانەوێت هاوکێشەکان ئاڵۆزتر بن، بەڵکوو هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کە لە ئەگەری هەر بۆشاییەکی دەسەڵاتدا، بەرەی دێموکراسیخواز ئامادە بێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.