ڕۆژنامەنووس، "هانس یاپ میلیسن"، لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمبەر ئەگەری گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێران و ڕۆڵی ئەمریکا دەخاتە ڕوو.
میلیسن سەردانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کردووە، کە سەرەڕای بۆردومانە بەردەوامەکانی تاران، وەک ناوەندێکی سیاسی و ڕێکخستنی هێزەکان ماونەتەوە.
مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتیری گشتی حیزبی دێموکرات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میلیسن ئاماژە بەوە کردووە کە پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ هەماهەنگی لەم دۆخەدا بەردەوامە.
مەولوودی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر هاوکارییەک لەگەڵ ئەمریکا دەبێت لەسەر بنەمای پشتگیریکردن لە سیستەمێکی فیدراڵی و دابینکردنی مافی خۆبەڕێوەبەری بۆ کوردستان بێت. ئەو وتوویەتی کە پێویستە کورد لە پرۆسەی سیاسیی دوای هەر گۆڕانکارییەکدا وەک لایەنێکی سەرەکی پارێزراو بێت.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پێشمەرگەکان، بە ژن و پیاوەوە، ورەیەکی بەرزیان هەیە و ئامادەی پاراستنی دەستکەوتەکانی نەتەوەکەیانن.
مەولوودی دەڵێت: "کوردەکان دەتوانن ناوچەی خۆیان بپارێزن و ببنە نموونەیەک بۆ نەتەوەکانی دیکە."
میلیسن لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئەم جموجۆڵانە بە جددی دەگرێت، چونکە تەنیا کاتژمێرێک دوای چاوپێکەوتنەکە، بنکەکانی حیزبی دێموکرات دووبارە کرانەوە ئامانجی هێرشی درۆنی.