دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هۆشداریی توندی دایە ئێرانیانی دەرەوەی وڵات و ڕایگەیاند، هەر جۆرە هاودەنگی و هاوکارییەک لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سزای دەسبەسەرداگرتنی گشت ماڵ و سامان و تەنانەت "سێدارە"ی لێ دەکەوێتەوە.
ئەم هەڕەشانە بە پشتبەستن بە یاسایەکی نوێی مەجلیسە کە تێیدا سزای "سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" بە توندی زیاد کراوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە چالاکیی و خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێرانیانی دەرەوە دژی کۆماری ئیسلامی، نیگەرانییەکی زۆری لای دەسەڵاتدارانی تاران دروست کردووە.
هاوکات، دامەزراوە ئەمنییەکان هۆشدارییان بە هاووڵاتیانی نێوخۆش داوە کە بڵاوکردنەوەی هەر وێنە و ڤیدیۆیەکی ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانجی هێرشەکان، وەک هاوکاری لەگەڵ دوژمن ئەژمار دەکرێت. ئەم هەنگاوانە نیشاندەری هەوڵە نوێیەکانی ڕێژیمە بۆ چاوترسێنکردنی نەیاران و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم جۆرە هەڕەشانە بۆ گەلی کورد نامۆ نین؛ کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە، بە تایبەت لە کوردستان، سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی خەڵکی وەک ئامرازێکی سەرکوت بەکار هێناوە و لە ڕێگەی دادگای ئینقلابەوە دەستی بەسەر موڵک و دارایی سەدان تێکۆشەر و بنەماڵەی نیشتمانپەروەردا گرتووە.