کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی فەرانسە: دەبێت تاران دەسەڵات بۆ گەل بگەڕێنێتەوە

15:13 - 18 رەشەمه 2725

ژان نوێل بارۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسە، دوای دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی، داوای گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیاسەتەکانی تاران کرد.

بارۆ لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆییدا ڕایگەیاند کە پێویستە ڕێژیمی ئێران ئیمتیازی گەورە بدات و کۆتایی بەو هەڵسوکەوتە تێکدەرانە بهێنێت کە بوونەتە مەترسیی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان.

وەزیری دەرەوەی فەرانسە جەختی کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە "چارەنووسی داهاتووی وڵات بۆ گەلانی ئێران بگەڕێندرێتەوە".

ئەم لێدوانانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ بێئومێدیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چاکسازیی نێوخۆیی و پێویستیی گۆڕانکاریی دێموکراتیک. سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی لوبنانیش، بارۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل وەڵامێکن بۆ هێرشە بێ پاساوەکانی حیزبوڵڵا، هەرچەندە ئەم شەڕە بووەتە هۆی کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی.

 ئەم هەڵوێستە توندەی پاریس لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی تاران لەژێر قورسترین گوشاری نێودەوڵەتی و نێوخۆییدایە.