شیرکەتی''ڕووسئەتۆم'' کە بەرپرسیاری گەشەپێدان و تەواوکردنی دامەزراوەکانی وێستگەی ئەتۆمی لە بوشێهرە، ڕایگەیاند کە چالاکییەکانی تایبەت بە پەرەپێدانی ئەم وێستگەیەی ڕاگرتووە.
هەرچەندە ئەو شیرکەتە جەخت دەکاتەوە کە تا ئێستا هیچ هێرشێکی ڕاستەوخۆ نەکراوەتە سەر خودی وێستگەکە یان شوێنی کارە نوێیەکان، بەڵام ئاماژە بەوە دەدەن کە دۆخی ئەمنییەتی دەوروبەری وێستگەکە بە گرژی ماوەتەوە.
لە ئێستادا پڕۆسەی دروستکردنی بلۆکە نوێیەکانی وێستگەی بوشێهر بەتەواوی وەستاوە، بەڵام زیاتر لە شەش سەد فەرمانبەری ڕووسی لە شوێنەکەدا ماونەتەوە. ئەرکی ئەم تیمە تەنیا بریتییە لە پاراستنی ئامێرەکان و ئەنجامدانی ئەو کارە تکنیکییە زۆر پێویستانەی کە ناکرێت بە شێوەیەکی دەستبەجێ پەک بخرێن.
لەلایەکی تریشەوە، ئەلەکسی لیخاچێف، بەڕێوەبەری گشتیی ڕووسئەتۆم، وتوویەتی کە ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی دووەمی کەمکردنەوەی هێزی کار و گواستنەوەی خێزانی فەرمانبەران بۆ ڕووسیە تەواو کراوە.
بڕیارە بەم زووانە پڕۆسەی گواستنەوەی ئەندامانی خێزانی کارمەندەکان و بەشێک لە ستافی تەکنیکی بۆ شوێنێکی ئارام لە نێو خاکی ڕووسیە دەست پێ بکات تا لە هەر مەترسییەک بەدوور بن.