لە دەیەمین ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕاپۆرتەکان باس لە بەردەوامیی تەقینەوە و هێرشە ئاسمانییەکان لە شارە جیاوازەکانی وەک تاران و کەرەج و ئیسفەهان و شیراز و ئەهواز دەکەن.
هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردووەتەوە کە شەپۆلێکی بەرفراوان و هاوکاتی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێران لە تاران و ئیسفەهان و ناوچەکانی باشوور دەست پێ کردووە.
بەپێی وێنە بڵاوکراوەکان ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی تاران کراونەتە ئامانج و لە ئیسفەهانیش موشەکێک بەر دەوروبەری مەیدانی نەقشی جیهان کەوتووە کە بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکدا و ئاژانسی هەواڵی مێهریش باسی لە پێکانی باڵەخانەی پارێزگای ئیسفەهان کردووە کە تێیدا لانیکەم سێ کەس بریندار بوون و دوو کەسی تریش لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
هاوکات ئاژانسی هەرانا ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان ناوچەکانی تری وەک تەورێز و بەندەرعەباس و دێزفوول و چابەهار و کاشان و مەلاررد و شەهریاریشی گرتووەتەوە و ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکانە لە تەواوی خاکی ئێراندا.