ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاریی گەڵاڵەی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ لەنێوبردنی ڕێبەری ڕێژیمی تارانیان بڵاو کردەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ٣٠ بۆمبیان بە سەر بەیتی ڕێبەریی ڕێژیمدا خستووەتە خوارەوە و خامنەیی لە یەکەم پەلاماردا کوژراوە.
زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە دەری دەخات کە بەرپرسانی هەواڵگری و ئەمنییەتیی ئیسرائیل و ئەمریکا لەمێژە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی هاوبەشی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ڕێژیم بوونە هەتا لە یەک کاتدا بکرێنە ئامانج.
سەرەنجام ڕۆژی شەممە سێ کۆبوونەوە لە بەیتی ڕێبەریی ڕێژیم شناسایی کران و شوێنی خامنەیی بەوردی دیاری کرا و لە ڕۆژی ڕووناکدا لێی درا و لەنێو چوو.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، پێش کاتژمێر ١٠ی پێشنیوەڕۆی شەممە ٩ی ڕەشەمە ئۆپەراسیۆنی بەربڵاو دژی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم دەستی پێکرد و هەتا دوانیوەڕۆ زیاتر لە ٢٠٠ فڕۆکەی شەڕکەری ئیسرائیل زیاتر لە ٥٠٠ بنکە و ناوەندی ڕێژیمیان کردە ئامانج.
لەو هێرشەدا، ئیسرائیل گەورەترین و بەربڵاوترین هێرشی ئاسمانیی لە مێژووی وڵاتەکەیدا بەڕێوە برد.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، محەممەد بن سەلمان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەندین جار داوای لە ترامپ کردووە کە هێرشی سەربازیی بکاتە سەر ڕێژیمی تاران.
ڕێژیمی تاران بە فەرمی هەتا ئێستا کوژرانی عەلی شەمخانی، دەبیری شۆرای بەرگری و پاسدار پاکپوور، فەرماندەی سپای پاسدارانی لە هێرشەکانی ڕۆژی شەممەدا پشتڕاست کردووەتەوە.