کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز هۆشداری توندی بە تاران دا

10:06 - 19 رەشەمه 2725

دۆناڵد ترامپ، لە پەیامێکی تونددا هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی تاران و ڕایگەیاند کە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ تێکدانی ڕەوتی هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز، ڕووبەڕووی وڵامێکی سەربازیی وێرانکەر دەبێتەوە.

ترامپ شەوی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمە، لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" بڵاوی کردەوە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەر هەنگاوێک بۆ ڕاگرتنی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمزدا بنێت ، لەلایەن ئەمریکاوە "بیست هێندە توندتر لەوەی تا ئێستا کراوە" هێرشی دەکرێتە سەر.

سەرۆککۆماری ئەمریکا وتیشی: "ئێمە بە ئاسانی ئەو ئامانجانە تێک دەشکێنین کە وێرانکردنیان زۆر سادەیە، ئەمەش وا دەکات بنیاتنانەوەی ئێران وەک وڵاتێک بە کردەیی مەحاڵ بێت."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە ئەگەری سەرپێچیکردنی تاران، "مەرگ، ئاگر و تووڕەیی"یان بەسەردا دەبارێت، هەرچەندە هیوای خواست کە کار نەگاتە ئەو قۆناغە و دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا نەڕوات.

ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هورمز دیارییەکی ئەمریکایە بۆ چین و هەموو ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەو ڕێڕەوە بەکاردەهێنن و داوای کرد ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا جێگەی پێزانینی ئەو دەوڵەتانە بێت.

ئەم لێدوانە توندەی دۆناڵد ترامپ تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو، ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوام بن، ڕێگە نادەن تەنانەت یەک لیتر نەوتیش لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕێت.