کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووسی: تاران هێشتا خاوەنی ئۆرانیۆمی پیتێنراوە و زانیارییەکان دەشارێتەوە

10:12 - 19 رەشەمه 2725

ڕافائیل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، نزیکەی نیوەی پاشکەوتی یۆرانیۆمی ٦٠٪ی ئێران لە تونێلە نهێنییەکانی دامەزراوەی ئیسفەهان پارێزراون.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانس، تاران پێش دەستپێکی شەڕ خاوەنی ٤٤١ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراو بووە، کە توانای بەرهەمهێنانی ١٠ کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.

گرووسی ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆگرەم لەو بڕە لە تونێلەکانی ئیسفەهان جێگیر کراون کە لە هێرشەکاندا زیانیان بەرنەکەوتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ جەخت لە لەنێوبردنی تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکە دەکاتەوە.

نیگەرانییە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، ڕێگەی بە بازرسانی ئاژانس نەداوە سەردانی شوێنەکان بکەن و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو ماددە مەترسیدارانە نادات.

 ئەم ناڕوونییە دەیسەلمێنێت کە ڕێژیم هێشتا هەوڵ بۆ پاراستنی توانای ئەتۆمیی خۆی دەدات و وەک مەترسییەک بۆ سەر ئەمنییەتی جیهانی ماوەتەوە.