کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٢٠ تەقینەوەی بەهێز پێتەختی ئێرانی هەژاند

10:38 - 19 رەشەمه 2725

لە دەیەمین ڕۆژی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، شەوی دووشەممە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ و ١٩ی ڕەشەمە، تاران ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرشی ئاسمانی بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، دەنگی زیاتر لە ٢٠ تەقینەوەی گەورە لە ناوچە جیاجیاکانی تاران بیستراوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگی تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکان و فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر ئاسمانی تاراندا، بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر بە بەردەوامی ماوەتەوە.

هەندێک لە سەرچاوەکان ئەم هێرشانە بە سەختترین شەپۆلی بۆردومانکردنی پایتەختی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی پێکدادانەکانەوە تا ئێستا وەسف دەکەن.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان و بۆردومانەکان، لە چەندین ناوچەی تاران کارەبا بڕاوە.

جگە لە تاران، هەندێک ڤیدیۆ و ڕاپۆرت لەبارەی بیستنی دەنگی تەقینەوە لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بڵاوکراونەتەوە.