کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: شەڕ تا شکستی ئێران بەردەوام دەبێت

11:34 - 19 رەشەمه 2725

سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی کۆماری ئیسلامی تا شکستی ئێران بەردەوام دەبێت و واشنگتۆن لە دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی پاشەکشە ناکات.

دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمە، لە دیدارێکدا لەگەڵ گروپێک لە کۆمارییخوازەکان لە شاری "دوورال"ی ویلایەتی فلۆریدا وتی: "شەڕ لەگەڵ ئێران ئەرکێکی کورتخایەن دەبێت، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان تا ئەو کاتەی دوژمن بە شێوەیەکی یەکجاری تێک دەشکێت، بەردەوام دەبن."

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە خۆبەدەستەوەدانی تاران تەنیا مەسەلە، کاتە.

ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی کە بە سەرکەوتنی سەربازی ناوی برد، وتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هاوکاری ئیسرائیل توانیوییەتی بەشێکی بەرچاوی تواناکانی سەربازیی ئێران لەنێو ببات.

بە وتەی ئەو، لە ڕەوتی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا ٤٦ کەشتیی ڕێژیم و ژمارەیەکی زۆر موشەک و دڕۆن لەنێو چوون.

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی نیزامیی ئێستای بە ئاڵۆزتر و سەرکەوتووتر لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو وەسف کرد و وتی کە پێشکەوتنەکان لە خشتەی کاتیی سەرەتایی چوار تا پێنج هەفتەیی خێراتر بووە.

ناوبراو هەروەها کۆماری ئیسلامی وەک مەترسییەکی ٤٧ ساڵە لەقەڵەم دا کە دەبوایە زۆر زووتر کرابایە ئامانج.

ئەو پێشتر لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ئێران بەشێکی زۆری توانای دەریایی، ئاسمانی و پەیوەندییەکانی خۆی لەدەست داوە.