لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری مەریوان پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات بەناوی کاک مەحموود سەبزە، کوڕی محەمەد و برای شەهیدان، عەلی سەبزە و عومەری سەبزە، خەڵکی شاری نۆدشەی هەورامان، بەهۆی جەڵدەی دڵ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک مەحموود، دوای هاتنە سەرکاری ڕێژێمی داگیرکەری ئێران و لەشکرکێشیەکانی دژی نەتەوەی کورد، ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی حێزبی دێموکرات و لە هێزی شاهۆ سازمان درا و چەکی شانازیی بەرگریی لە کوردستانی لە شان کرد.
کاک مەحموود وەک پێشمەرگەیەکی قارەمان و دڵسۆزی گەلەکەی ساڵانێک تێکۆشانی خۆی لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات درێژە پێدا و لە سەنگەری بەرگیدا خزمەتی کرد.
لە ساڵی ١٣٦٨، لەسەر ئیزنی حیزب دەگەڕێتەوە نێوخۆی کوردستان و هەتا دواساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی دڵسۆز و وەفادار بە حیزبەکەی مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.