سپای پاسداران بۆ پاراستنی هێزە چەکدارەکانی، دەستی کردووە بە داگیرکردنی ناوەندە خزمەتگوزاری و گشتییەکانی شارەکانی کوردستان و وەک مۆڵگەی سەربازی بەکاریان دێنێت.
بەپێی زانیارییەکان لە شاری مەهاباد، هۆڵی وەرزشیی جەلیلی خەسرەوشاهی لە تەنیشت قوتابخانەی "زانیار" بە تەواوی کراوەتە مۆڵگەی سەربازی و قوتابخانەکانی دەوروبەریش داخراون.
لە سەردەشت، هێزەکانی سپا لە چەندین قوتابخانە و زانکۆی پەیامی نوور جێگیر کراون؛ تەنانەت لە گوندی "بێوران" مزگەوت و قوتابخانەی شەوانەوڕۆژییان داگیر کردووە و لە نێو شاریشدا بە ماشینی سەربازی بڵاوەیان پێ کراوە.
دۆخەکە لە پاوە مەترسیدارترە، بەو پێیەی بڕێکی زۆر تەقەمەنی گوازراوەتەوە بۆ نێو دەرمانگەیەک لە شەقامێکی قەرەباڵغ و نزیک بەنزینخانە، ئەمەش وای کردووە بەشێک لە ماڵەکان لە ترسی تەقینەوە چۆڵ بکرێن.
لە شاری سنەش، سپای پاسداران نهۆمەکانی سەرەوەی نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی چۆڵ کردووە و هێزی لێ نیشتەجێ کردووە، لە کاتێکدا نەخۆشەکان لە نهۆمەکانی خوارەوەدا ماونەتەوە.
ئەم هەنگاوانەی کۆماری ئیسلامی و بەکارهێنانی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بۆ مەبەستی سەربازی، بە مەبەستی بەکارهێنانی هاووڵاتیان وەک "قەڵغانی مرۆیی"یە.
ڕژێم بەم کارە گیانی منداڵان و نەخۆشەکان دەخاتە مەترسییەوە تا پارێزگاری لە هێزەکانی بکات، کە ئەمەش پێشێلکردنی تەواوی پرەنسیپە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زۆربەی بنکە و مۆڵگە سەربازییەکانی ڕێژێم لە سەرانسەری ئێران و کوردستان بوونەتە ئامانجی هێرشە ورد و چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەمەش وای کردووە سپای پاسداران بۆ پاراستنی خۆی پەنا بۆ ناوچە نیشتەجێبووەکان ببات.