ڕاپۆرتی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژناندا بڵاو کراوەتەوە، نیشانی دەدات لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٤٧ هەزار ژن و کچ لە سەرتاسەری جیهاندا لەلایەن هاوسەر یان ئەندامانی خێزانەکانیانەوە کوژراون؛ ئەمەش واتە ڕۆژانە ١٢٩ ژن و لە هەر کاتژمێرێکدا نزیکەی پێنج ژن بوونەتە قوربانی.
لەم ڕاپۆرتەدا کە لەسەر بنەمای داتاکانی ١٢٢ وڵات ئامادە کراوە، هاتووە کە لە کۆی ٧٨ هەزار ژن و کچ کە ساڵی ڕابردوو بەئەنقەست کوژراون، نزیکەی ٦٠٪یان لە ناو چوارچێوەی خێزاندا کوژراون، لەکاتێکدا تەنیا ١١٪ی پیاوانی قوربانیی کوشتن لە دۆخێکی هاوشێوەدا گیانیان لەدەست داوە.
لەسەر ئاستی وڵاتاندا، ئافریقا بە تۆمارکردنی ٢٢ هەزار و ١٠٠ حاڵەت لە پلەی یەکەمدایە و دوای ئەویش ئاسیا بە ١٥ هەزار و ١٠٠ قوربانی، ئەمریکا بە ٧ هەزار و ٤٠٠ قوربانی، ئورووپا بە دوو هەزار و ١٠٠ قوربانی و ئۆقیانووسییە بە ٣٠٠ قوربانی دێن.
نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردووەتەوە کە ئەم تاوانانە ڕەگێکی قووڵیان لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و جیاکاریی ڕەگەزیدا هەیە و داوای کردووە لە بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا گرنگییەکی بەپەلە بە پەیوەندییە خێزانی و سۆزدارییەکان بدرێت.
هاوکات، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ تا ٢١ی ڕەزبەر، لانیکەم ٨٤ ژن لە ئێران کوژراون، واتە لە هەر دوو ڕۆژ و نیوێکدا ژنێک کوژراوە، کە زیاتر لە نیوەیان لەلایەن هاوسەر یان هاوبەشی سۆزدارییانەوە کوژراون.