کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی کوالێتیی ئاردی نانەواخانەکان دوای پشکبەندیی و گرانی

13:20 - 3 سەرماوەز 2726

لە دوای پشکبەندیی ئاردی نانەواخانەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نان لە ئێران، ئێستا دابەزینی کوالێتی و کەمبوونەوەی ماوەی مانەوەی نان بە تازەیی، بووەتە یەکێکی تر لە بابەتەکانی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و چالاکانی پیشەیی.

سەرۆکی گرووپی کاری ئارد و نانی ژووری پیشەوەرانی ئێران، گۆڕانی ڕەنگ و زوو کۆنبوونی نانی بە دەرەنجامی جێبەجێکردنی بڕیارە نوێیەکەی تایبەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سەبووسگیریی ئاردی نانەواخانەکان زانیوە.

«محەممەدجەواد کەرەمی»، سەرۆکی گرووپی کاری ئارد و نانی ژووری پیشەوەرانی ئێران، ڕایگەیاند کە بەپێی بڕیاری لێژنەی ماددەی ٩٠ی مەجلیس و وەزارەتی ناوخۆی ڕێژیم، ڕێژەی سەبووسگیریی ئاردی بەکارهێنراوی نانەواخانەکان کەم کراوەتەوە.

بەپێی ئەم بڕیارە، ڕێژەی سەبووسی ئاردی نانی «بەڕبەڕی» لە ١٨٪ بۆ ١٢٪، نانی «سەنگەک» لە ١٢٪ بۆ ٦٪ و نانەکانی «لەواش» و «تافتوون» لە ١٥٪ بۆ ١٠٪ کەم کراوەتەوە.

هەروەها لە زاری چالاکانی پیشەی نانەواییەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم گۆڕانکارییانەی ئارد، تەمەنی مانەوەی نانی کەم کردووەتەوە و وای کردووە نان زووتر لە جاران وشک ببێتەوە و کۆن بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە شارەزایانی وەزارەتی تەندروستی، زیادکردنی ڕێژەی سەبووس لە ئارددا بە هەنگاوێک بۆ بەرزکردنەوەی بەهای خۆراکی و تەندروستیی نان هەڵدەسەنگێنن.

گۆڕانی کوالێتی و کەمبوونەوەی مانەوەی نان لەکاتێکدا ڕوو دەدات کە نانەواکان لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەشە ئارد و زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان بوونەتەوە و هاووڵاتییانیش بۆ کڕینی نان، کە یەکێکە لە سەرەکیترین پێداویستییەکانی سەبەتەی خۆراکی خێزان، پارەیەکی زیاتر دەدەن.

زوو کۆنبوونی نان دەبێتە هۆی زیادبوونی بەفیڕۆچوونی نان و سەپاندنی تێچوویەکی زیاتر بەسەر ئەو خێزانانەی کە بەهۆی گرانبوونی ماددە خۆراکییەکان و دابەزینی توانای کڕینەوە، زیاتر لە جاران پشت بە خواردنی نان دەبەستن.