کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات ٩ مووشەک و ٣٥ دڕۆنی ئێرانی لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا تێک شکاند

21:52 - 19 رەشەمه 2725

وەزارەتی بەرگریی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی، ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ڕەشەممە، ڕووبەڕووی ٩ مووشەکی بالستیکی بووەتەوە؛ تێیدا ٨ مووشەک تەقێنراونەتەوە و یەکێکیشیان لە دەریا کەوتووەتە خوارەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ٣٥ دڕۆن شناسایی کران و ٢٦یان پێش پێکان تێک شکێنراون، بەڵام ٩ دڕۆنیان لە نێو خاکی ئیماراتدا کەوتوونەتە خوارەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاو کراونەتەوە، تا ئێستا ٢٦٢ مووشەکی بالستیکی لەلایەن ئێرانەوە بەرەو ئیمارات تەقێنراون کە ٢٤١یان لەنێو براون.

 هەروەها لە کۆی ١٤٧٥ دڕۆنی ناسراو، ١٣٨٥یان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە پێش پێکانی ئامانجەکانیان خراونەتە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگری باسی لەوە کرد کە ئەم هێرشانە تا ئێستا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٦ کەس کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئیماراتی، پاکستانی، نیپاڵی و بەنگلادێشین.

لە کۆتاییدا ئەو وەزارەتە جەختی کردەوە کە هێزەکانیان لە "بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان" بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر سەروەریی وڵاتەکەیان.