کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دەیان کەس لەژێر ناوی سیخوڕی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژێمەوە

22:25 - 19 رەشەمه 2725

وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دەسبەسەرکردنی لانیکەم ٤٠ هاووڵاتییان لە ئێران بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل" و ناردنی وێنەی شوێنی هێرشەکان ڕاگەیاند.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمە، ڕایگەیاند کە لانیکەم ٣٠ کەس لەوانە کەسێکی بیانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەسبەسەر کراون.

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم ناسنامە و شوێنی ڕاگرتنی دەسبەسەرکراوەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هاتووە کە کەسێکی بیانی بە تۆمەتی سیخوڕێ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی دەسبەسەر کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا هاتووە، ئەو کەسانەی وێنە و ڤیدیۆی پەیوەندیدار بە شوێنی هێرشەکان بۆ میدیاکانی دەرەوەی وڵات بنێرن، وەک "ستوونی پێنجەمی دوژمن" ئەژمار دەکرێن و بە توندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکات ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاش ڕایگەیاند کە ١٠ کەسی بەتۆمەتی "وێنەگرتن لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج و ناردنی وێنەکان بۆ میدیاکانی دەرەوە" دەسبەسەر کردووە.

ئەو دامەزراوەیە هەڕەشەی کردووە کە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ دوژمن، بەپێی یاساکانی سەردەمی شەڕ بە تاوان دادەنرێت.

کۆماری ئیسلامی هەمیشە لە کاتی تەنگانە و شکستی مەیدانیدا، پەنا بۆ تۆمەتی "سیخوڕی" دەبات تاوەکوو ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە و ڕێگری لە دزەکردنی زانیارییەکان و ئاشکرابوونی ڕێژەی زیانەکانی بکات.