کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەدڕەزا ڕادان: وەک دوژمن لەگەڵ ناڕازییان هەڵسوکەوت دەکرێت

09:44 - 20 رەشەمه 2725

ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئینتزامی ڕێژیمی ئێران، لە پەیامێکی تونددا هۆشداریی دایە ئەو خەڵکی ئێران کە لە کاتی شەڕدا دژی ڕێژیم دەڕژێنە سەر شەقامەکان.

 ڕادان لە تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتییەوە ڕایگەیاند کە چیتر جیاوازی لە نێوان ناڕەزایەتی نێوخۆیی و هێزی بیانی ناکەن و وتی: ''ئەگەر کەسێک بە فەرمانی دوژمن بێتە مەیدان، وەک دوژمن هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەین.'' ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە تەواوی هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشی تەواودان و ''پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە''.

ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدایە کە ڕێژێمی ئێران لە قۆناغێکی هەستیار دایە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی نێتانیاهوو داوای لە خەڵکی ئێران کرد دژی ڕێژیم بوەستنەوە.

 بەرپرسانی تاران بە قووڵی لەوە دەترسن کە شەڕی دەرەکی و تووڕەیی نێوخۆیی یەک بگرن.

ئێران لەم دواییانەدا شایەتی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بوو کە لە مانگی بەفرانبار دەستی پێکرد و بووە خوێناویترین سەرکوت لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا.