ئەرتەشی ئیسرائیل شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە ١٩ لەسەر ٢٠ی ڕەشەمە شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر تاران، تەورێز و چەند شارێکی تری ئێران دەست پێکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، بارەگاکانی سپای پاسداران، یەکەکانی مووشەکی بالیستیک، بنکەکانی پۆلیسی زانیاری و ژێرخانە ئەمنییەکانی بەسیج لە پارێزگاکانی تاران، تەورێز و ئیلام کراونەتە ئامانج.
ڕاپۆرتە خۆجێییەکان باس لە بیستنی دەنگی دەیان تەقینەوەی بەهێز لە فەردیسی کەرەج، دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئاباد و ناوچەی نێعمەتئابادی تاران دەکەن.
هەروەها ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە وێستگەی ڕادیۆیی و بنکەی پۆلیس لە دوورگەی کیش تەقینەوەیان تێدا ڕوویداوە.
هاوکات هێرش کراوەتە سەر بەندەرعەباس، مەسجید سولەیمان و سێ خاڵیش لە دەوروبەری شاری قوم بە مووشەک پێکراون.