بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەممە، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان دەست پێ کرد.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سپای پاسداران چەندین دامەزراوەی لە هەرێمی کوردستان، بەحرەین و بنکەی عەریفجانی لە کوەیت کردووەتە ئامانج.
لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا بۆ سەر بەحرەین، تا ئێستا کوژرانی دوو کەس ڕاگەیەندراوە. هاوکات مووشەکەکانی ڕێژیم گەیشتوونەتە ئاسمانی ئۆرشەلیم و تێلئاڤیڤ و لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
لەلایەکی تریشەوە، ڕێژیمی تاران بە ناردنی دڕۆن بۆ سەر کێڵگەی نەوتی "ئەلشەیبە" لە عەرەبستان و ناوچە پیشەسازییەکانی ئیمارات، هەوڵی تێکدانی دەمارە ئابوورییەکانی جیهانی داوە.
محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕژێم، بە شێوەیەکی شەڕخوازانە جەختی لە درێژەدان بەم هێرشانە کردووەتەوە. ئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی کە ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و سەقامگیری ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە، ڕووبەڕووی وەڵامی توندی پدافەندی وڵاتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە.